کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووبەڕوو بوونەوەی خەڵکی گوندی جلیزی لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم

15:08 - 16 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، بەردەوامن له پێکدادان و ئازاردانی خەڵکی گوندی جلیزی سەر به پارێزگای ئیلام.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤ سەرماوەزی ١٣٩٦ هەتاوی، هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ داگیرکردنی زەویەکانی خەڵکی گوندی جلیزی، هێرشیان کرده سەر ئەو گوندە و دەستیان کرد به لێدانی خەڵک و به تەما بوون که به زۆری موڵکیان بۆ ڕێکخراوی ئێتکای ئەرتەشی ڕێژیم داگیر کەن.

له بەرامبەردا خەڵکی ئەو گوندە لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم ڕووبەڕوو بوونەوە و بەرگریان لە خۆیان خۆیان و زەوییەکانیان کرد، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمیش بە بی لەبەرچاوگرتنی یاساکان و ڕێز بۆ مافی خەڵک، هێرش دەکەنە سەر ئەو خەڵکە و دەست دەکەن به لێدان و دەستبەسەرکردنیان.

لەم شەڕ و پێکدادانەی خەڵک و هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، زۆر کەس لەو خەڵکە بریندار بوون و ڕەوانەی نەخوشخانه کراون و لە بەرامبەردا له بەرگرییەکانی خەڵکی گوندی جلیزی، ١٢ کەس له هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بریندار بوون.

بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان، زۆرتر له ٥٠ کەس لەو گوندە دەستبەسەر کراون و٤ تراکتۆر و ٢ ماشێن و ١٠ ماتۆڕیان له خەڵک دەست بەسەر داگرتووە و خەڵکی دیکەی ئەو گوندە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، پەنایان بردووە بۆ شاخەکان و گوندەکانی دەوروبەر.

ڕێکخراوی ئتکای ئەرتەشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی به تەمایە زۆرتر له ١٠٠ هکتار له زەوییەکانی گوندی جلیزی داگیر بکات و خەڵکیش بەرگری له موڵکی باب و باپیریان دەکەن که تەنیا سەرچاوەی داهاتیان ئەو زەویانەیە.

ئەمە له حاڵێکدایە که هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم له ئیلام، ئەمڕۆژ ڕێکەوتی ١٦ سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردووە که دەستهەڵگر نین له داگیرکردنی ئەو زەوییانە و تەنانەت هەڕەشەیان کردووە که ئەو کەسانەی له گیانی خۆیان و زەویەکانیان بەرگری کردووە دەستبەسەر دەکەن.

سەرهەنگ مەکی، فەرماندەی ئینتزامی ڕێژیم له دێهلوڕان، لەم ڕاگەیندراوێکدا باسی لەوە کردووە که خەڵکی گوندی جلیزی له بەرامبەری هێزە ئەمنییەتییەکان بێ دەنگ بن و هەڕەشەی کردووە که ئەگەر خەلکی ئەو گوندە کۆ ببنەوە بۆ ناڕزایەتی دەرببڕن، هێزەکانی ڕێژیم به توندترین شێوە ڕووبەڕووی خەڵک دەبنەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە که دامەزراوە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران وەکوو گەورەترین داگیرکەرانی موڵکی خەڵک، له کاتی هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا به میلیۆنان هێکتار موڵکی خەڵکیان داگیر کردووە و کێشەی داگیرکردن که لە ئێران که به زەمین‌خواری ناودێر کراوە، زۆرجار بووەتە هۆی ناڕزایەتی خەڵک و له ئیدارەکانی ڕێژیم شکایەت کراوە.

بەڵام چوونکه زەمین‌خاری به شێوەی سیستماتیک و به پاڵپشتی دامەزراوەکانی ڕێژیم دەکرێ، هیچ کات ماف به خەڵک نەدراوە و بەردەوامه.