کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوانێکی فەرامۆش نەکراو

21:01 - 16 سەرماوەز 2717

کەریم پەرویزی

بیست ساڵ پێش ئێستا، لە بەیانییەکی رۆژانی نێوەڕاستی سەرماوەزدا، لەو رۆژانەیدا کە پاییز بەرەو کۆتایی دەڕۆشت، لە ١٧ی سەرماوەزی ١٣٧٦، ٨ی دێسامبری ١٩٩٧دا دوو ماشین لە سلێمانیی کوردستانی عێراقەوە وەڕی کەوتن. دوو ماشینی سواری کە لە کوردستانی عێراقدا بە بەرازیلی دەناسرێن، رێگای پەنا پیرەمەگروونیان گرتەبەر و بە دووکان و خەلەکاندا ویستیان بەرزایی هەیبەت سوڵتان ببڕن و بچنە کۆیەی مەکۆی دێموکراتەکان.

دوو ماشینی سواری، دوو کادری ڕیبەریی حیزبی دێموکراتیان پێ بوو کە لە کەسە بەناوبانگەکان و کادرە بەوەج و لێوەشاوەکانی رێبازی سووری پێشەوا و قاسملوو و شەرەفکەندی بوون. دوو مەنسوور لە دوو شاری رۆژهەڵاتی نیشتمانەوە، یەکیان فەتاحی و ئەوی دیکەیان ناسری، یەکیان کادری نیزامیی حیزب کە لە فەرماندە هەرە بەناوبانگەکانی شۆڕشی رۆژهەڵات بوو و ئەوی دیکەیان کادری دیپلۆماسی کە خاوەن پرەنسیپی دێـموکرات بوو بۆ پیوەندیگرتن لەگەڵ خەڵک و کۆمەڵگا و لایەنەکانی دیکە. دوو مەنسووری شۆڕشڤان، لەگەڵ پۆلە هەڵۆیەکی دێموکرات بە دەشت و بنارەکانی باشووردا بەڕێوە بوون بۆ نێو کۆڕی یاران.

مێژووی کوردستان و کورد، پرە لە وانەی شۆڕشگێڕی و ئازایەتی و بوێری کە شۆڕشی وڵاتانی دیکە لە بەرامبەریدا چۆک دادەن، هەر لەهەمان کاتیشدا دەستی تاوان و خەیانەت پێ بە پێی بوێریی شۆڕشگێریی بە دوای تێکۆشەرانەوە بووە و بەرادەی هەر لاپەڕەیەکی بوێریی خەباتکارانی، چەپەڵکاریی خەیانەتکارانیش دێرێکی مێژووی شۆڕشی کوردیان رەش کردوەتەوە.

لە شارۆچکەی دووکان، لە نێوەڕاستی رێگای مەنسوورەکانی دێموکراتدا بەرەو بارەگای هاوڕێیانیان، کەوتنە بۆسەی تیمی تیرۆریستیی کۆماری تاوان و سێدارەی ئیسلامی و تیرۆریستان ویستیان دوای پیلانەکانی دیکەیان بە دەم رێگاوە زەربەیەک لە حیزبی دیموکرات بوەشیننەوە و مەنسووری فەتتاحی شەهید بکەن، کە نەیانزانی فەرماندە قارەمانەکەی دێموکرات لە نێو ماشینەوە و لەو رێگا ناخۆشەدا لێیان دێتە دەست و هێرشەکەیان پووچەڵ دەکاتەوە. مەنسووری قارەمان بۆسەکەی تێک شکاند وتیرۆریستانی تارانی تاراند و دەستی بەسەر ماشینێکی سوپای پاسداراندا گرت کە بەڵگەیەکی زۆری خەیانەت و پیلانگێڕیی تێدا بوو.

بەداخەوە مەنسووری فەتاحی پێکرا و لە رێگای گەیشتن بە نەخۆشخانەی ئازادیدا شەهید بوو. بەڵام مەنسووری دیکە بە ماشینی دیکەی حیزب بە بەرزاییەکانی هەیبەت سوڵتاندا هاتە خوار و لە بەر بازگەی دەروازەی کۆیەدا وەک جاران بۆ لێپرسینەوە راوەستان و بە بزەوە سڵاو و چاک و چۆنیی لەگەڵ چەکدارەکانی بازگەدا کرد، بەڵام نەیزانی کە ئەمانەی ئەم جارە لە نێو بازگەکەن ئەوانی پێشوو نین. ئەمانە بزەی دۆستانەی ئەویان بەلاوە وەکوو ژەهر وایە و ئەمان دڵیان پڕە لە ژەهری نامەردی و دەستیان لەسەر پەلاپیتکەی خەیانەتە. لە نێو بازگەوە دەسڕێژی خەیانەت لە مەنسووری ناسری کرا و هاوڕێ لەگەڵ سێ کادر و پێشمەرگەی هاوڕێی شەهید کران.

رۆژی دواتر دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەو تیرۆرە، رایگەیاند کە حیزبی دەسەڵاتداری ناوچەکە دەبێ وەڵامدەر بێ و ئەو تاوانبارانە بە سزا بگەیەنێ، چوونکە خەیانەتکار نابێ دەرباز بێ وخەباتی کورد پیویستە لە خەیانەتکار بپرسێتەوە.

چەند مانگ دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەوکات دوو ئیدارە بوو، ئیدارەی سلێمانی رایگەیاند کە ئەو تیرۆر و خەیانەتە مەحکووم دەکا و ئەوە کردەوەیەکی تاوانکارانەیە کە دژ بە دێموکرات و یەکیەتیی نیشتمانی هەردوکیان کراوە و دەبێ دادگا لە بابەتەکە بکۆڵێتەوە و تاوانباران سزا بدا.

رۆژی ٨ی دێسامبری ١٩٩٨، ١٧ی سەرماوەزی ١٣٧٧، دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سالڕۆژی تیرۆری ناجوامێرانەی دووکان و دەروازەی کۆیەدا، رایگەیاند کە دوای ساڵێک هێشتا چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی دادپەروەری لە لایەن یەکیەتیی نیشتمانیەوەیە کە بەڵێنی دابوو جێبەجێی بکا.

شەهیدان مەنسووری فەتاحی و مەنسووری ناسری سەرەڕای ئەوەی کە کادری رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون، لە کەسایەتیە بەناوبانگ و خۆشەویستەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە بە کردار و رابردوو و فیداکاریی خۆیان جێگە و پیگەیەکی تایبەتیان لە نێو دڵی خەلکدا هەبوو. ئەوان نموونەی مرۆڤی خۆنەویست و نیشتمانپەروەر و فیداکار بوون کە بۆ خەڵکی کوردستان سەرچاوەی لێ فێربوون و پێڕەوی کردن بوون.

ئەزموونی ئەو دوو شۆڕەسوارەی گۆڕەپانی خەباتی رۆژهەڵات هەرکامەیان بەبەشی خۆی پڕ بوو لە وانە و فەسڵێ زێڕین و گرانبەها کە نەتەویەک شانازییان پیوە دەکا.

مەنسووری فەتاحی بازەکەی کۆساڵان، ئەو فەرماندە بەوەجە بوو کە بەدەیان شەر و عەمەلیاتی بە دژی سوپای داگیرکەری پاسداران داڕشتبوو و بەڕێوە بردبوو و لە دەیان شەڕدا لمبۆزی داگیرکەرانی وەخاک گەوزاندبوو و بۆیە دوژمنان رقی زۆریان لێ لەدڵا بوو و خەڵکیش شایی لەرادەبەردەریان پی دەهات.

مەنسووری ناسری، ئەو کادرە دێموکراتە بوو کە نموونەی بەرزی خەڵکی بوون و مامۆستای ئەخلاقی جوامێرانە و شۆڕشگێڕی بوو و بە سەدان کەسی بۆ لای باوەڕەکانی حیزبی دێموکراتی راکێشابوو و هەر بۆیە دوژمن لێی تۆقیبوو.

لەگەڵ شەهیدان مەنسووری فەتاحی و ناسری، چەند کادر و پێشمەرگەی دیکە شەهید بوون بە ناوەکانی شەهید ساماڵ ئیسمائیلی و رەفعەت حسەینی و یەدوڵا شیرین سۆخەن کە پێشمەرگەی خۆنەویستی مەکتەبی دێموکرات بوون.

کاتێک ژیان و بڕواکانی ئەو جۆرە مرۆڤە بەرز و تێکۆشەرانە چاو لێ دەکەی و لە وردەکاریەکانی ژیانیان دەکۆڵیتەوە، زۆرت بەلاوە سەیر دەبێ کە دەبینی لە نێو نەتەوەکەی خۆیاندا و لە نێو ئەو کەسانەدا کە ئەوان دڵنیاییان لێیان هەبووە، کەسانێک پەیدا دەبن کە دەستیان لەگەڵ دوژمنانی گەل تێکەڵ دەکەن و دڵیان پڕ دەبێ لە ژەهراوی خیانەت و دەسرێژ لە وەها شۆڕشگێڕانێک دەکەن.

ئەو پیلانەی بیست ساڵ پێش، سێ تاوانی گەورە بوو:

یەکەم تاوانێکی لەبیر نەکراو دژ بە خەباتی رۆژهەڵاتی نیشتمان بوو کە دوو ئەندامی رێبەریی ئەو شۆڕشەی کە کۆماری ئیسلامی لەمێژبوو بەدوایانەوە بوو تا زەربەیەکیان لێ بوەشێنێ بەڵام دەستی وێ نەدەگەیشتن و بە دەستی خەیانەت پێکران.

دووهەم تاوانێک بوو بەرامبەر بە جووڵانەوە و خەباتی باشوور و بەتایبەتی بەنیسبەت یەکیەتیی نیشتمانیەوە چوونکە یەکیەتیی نیشتمانی لە رۆژهەڵاتدا وەکوو هێزی پشتیوان دەناسرا و ئەو دەستە رەشانە ویستیان زەربە لەو ناوەی یەکیەتیی نیشتمانی بدەن.

سێهەم تاوانێک بوو بەرامبەر بە دۆستایەتی و پێوەندی نێوان حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک دوو حیزب لە رێکخراوە گرنگ و خاوەن پێگەکانی دوو بەشی کوردستان کە تاوانبارانی خەیانەتکار ویستیان ئەو پێوەندیە تێک بدەن.

دوای بیست ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو تاوانەدا و، دوای بیست ساڵ لە لەدەستدانی شۆڕشگێرانی شۆڕەسواری رێبازی پڕسەروەریی قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی، هێشتا رۆژهەڵاتی کوردستان نەک ناو و یادی ئەو قارەمانانەی لەبیر نەکردوە و تۆزی زەمان ناوبانگیانی دانەپۆشیوە، بەڵکوو هێشتا بیر و هزری رۆژهەڵات چاوەڕوانە کە یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان ئەو دەستە تاوانکارانەی کە خەیانەتیان لە دۆستایەتیی نێوان یەکیەتیی نیشتمانی و حیزبی دێموکرات کرد، بە ڕای گشتی بناسێنێ و رای گشتیی رۆژهەڵات بە قەناعەت بگەیەنێ. هەتا ئەو رۆژەی کە دادپەروەی جێبەجێ دەکرێ، هێشتا کوردستانی رۆژهەڵات پێی وایە کە قوڕگی سێوە بە سورمەی خەیانەت قرخەقرخی تێ کەوتوە. رۆژهەڵات چاوەڕێی دەنگی زوڵاڵی مامە سێوەیە.

دوای بیست ساڵ لە تاوان و خەیانەتی دووکان و دەروازەی کۆیە، کۆساڵان و ئاویەر و ئاربەبا و شاهۆ چاوەڕێی وەڵامێکن لە هەیبەت سوڵتان.

یاد و ناوی شەهیدانی کوردستان بەرزە و رێگایان پڕ ڕێبوار.