کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران، هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و دژبەرانی ئەو ڕێژیمە

14:40 - 17 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: دەستەیەک لە هەکێرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە سەرانسەری جیهان بەگشتی و بەتایبەت لەسەر ئیسرائیل خەریکی سخوڕین، هەتا لەسەر پێوەندیی دژبەرانی ئەو ڕێژیمە زانیاریی ورد بە دەست بهێنن.

تایمز ئیسرائیل، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، دەستەیەکی سیخوڕ بە ناوی چارمیگ کتین لە ماڵپەڕێکی هەواڵدەریی ساختەچییانە بە ناوی بریتیش نیوزی ئێجنسی بۆ لە داو خستنی کەسە دیاریکراوەکان لە هێرشی سایبێری کەڵک وەردەگرن.

ئەم هەکێرانە کردەوە سیخوڕییەکانیان لەسەر لێکۆڵەرانی زانکۆ، چالاکانی ماڤی مرۆڤ، ڕاگەیەندراوە گشتییەکان و ڕاوێژکارانی سیاسییە.

کەسە ئامانج کراوەکانی ئەم هەکێرانە، لە ئێران، ئامریکا، ئیسرائیل، ئینگلیز، فەڕانسە، ئاڵمان، سویس، دانمارک، هێندوستان، تورکیە و ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی نیشتەجێن.

ئەو کەسانەی کە بەتایبەت هێرشی سایبێری کراوەتە سەریان: لێکۆڵەرێکی ناوەندی شالووم، سەرنووسەرێکی هەواڵدەریی کێن رادیو و دەرهێنەرێکی تەلەفزیۆنیی ئیسرائیلین.

هەکێرەکان مەبەستیان لەم هێرشانە ئەوەیە، کە بزانن چ کەسانێک لە نێوخۆی ئێران لەگەڵ کەسە ئامانج کراوەکان پێوەندییان هەیە و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە شێوازە جۆراوجۆرەکانی سایبێری کەڵک وەردەگرن، هەتا زانیارییە کەسییەکانی ئەو کەسانە بەدەست بهێنن و ئاشکرای بکەن.