کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی شۆرای هاوکارییەکانی کەنداو، پێشوەخت کۆتایی پێهات

16:23 - 17 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: دانیشتنی دوو رۆژەی شۆرای هاوکارییەکانی کەنداو، پاش دوو کاتژمێر کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

ئەمیری کوەیت رۆژی سێشەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، تەنیا چەند کاتژمێر پاش دەستبەکاربوونی ئەو شۆرایە، بەهۆی ناکۆکی و ناتەبایی دیپلۆماتیک سەبارەت بە قەتەر، کۆتایی بە دانیشتنەکە هێنا.

ئەو بڕیارەی ئەمیری کوەیت پاش ئەوە بوو کە ئێماراتی یەکگرتووی عەرەبی رۆژی سێشەممە هەواڵی واژۆکردنی رێککەوتننامەی هاوپەیمانییەتیەکی جیاوازی لەگەڵ عەرەبستان راگەیاند.

وەزارەتی دەرەوەی ئێماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕایگەیاند: کۆمیتەی هاوکاری هاوبەش لە لایەن شێخ شێخ بن زاید ئال نێهیان، ئەمیری ئەو وڵاتە پەسند کراوە و ئەم کۆمیتە نوێیە بەرپرسی هاوکاری وهاوئاهەنگی نێوان عەرەبستان و ئێماراتی یەکگرتووی عەرەبییە لە بوارەکانی سەربازی، سیاسی، ئابووری، بازرگانی و هتد.

لە راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێماراتی یەکگرتووی عەرەبیدا هیچ باسێک لەسەر بەشداری وڵاتانی غەیرەعەرەب لەو شۆرا نوێیە، نەهاتووەتە بەرباس، بەڵام ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە لەوانەیە کاریگەری و فشارێک بۆ وڵاتانی بەشدار لە شۆرای هاوکاری کەنداو دروست بکات.

شۆرای هاوکاری کەنداو پێش لە کۆتایی کارەکانی، راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و لەو راگەیەندراوەدا بە توندی هێرشی کردۆتە سەر ئێران و ئەندامانی ئەو شۆرایە، رەخنەیان لە ئێران هەبووە بە نیسبەت بەردەوام بوونی لە داگیرکاری سێ دوورگەی تۆنبی گەورە و تۆنبی چووکە و ئەبوو مووسا و هەروەها کردەوە تیرۆریستیەکان و دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕییەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەی رۆژهەلاتی نێوەڕاستیان مەحکووم کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، رۆژی پێنج شەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، ئەو شۆرایەی بە ناکارامە شوبهاندووە و وتوویەتی لە باتی درۆکردن با کێشەی نێوان خۆیان و کێشەکانی ناوچە چارەسەر بکەن.