کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ژێر سێبەری ڕێژیمی ئێران خۆشحاڵی دەربڕین یاساغە

14:38 - 18 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: چۆنیەتی بەڕێوەچوون و شایی کردنی خوێندکاران، لە ڕۆژی خوێندکاردا، لە نەجەفاوای ئیسفەهان، ڕەخنەی توندی بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتەوە.

عەلی‌ئەکبەر وەلایەتی، ڕاوێژکاری خامنەیی و سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی، لە نامەیەکدا، بەشێک لە بۆنەی ساڵڕۆژی خوێندکار، لە نەجەفاوای ئیسفەهانی بە هەرزەیی و سووکی لە قەڵەم دا.

ناوبراو لە نامەکەیدا باسی لەوە کردووە، بەشی یەکەمی ئەم ڕێوڕەسمە کە بنەماڵەی موحسێن حۆجەجی تێیدا بەشدار بوون، لە ئاستی شکۆی خوێندکار و بەپێی بەهاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

وەلایەتی لە قسەکانیدا، ڕەخنەی توندی لە بەشی کۆتایی ئەم بۆنەیە گرتووە، کە لەو بەشەدا خوێندکاران سەما و خۆشی خۆیان بە بۆنەی ئەم ڕۆژە دەربڕیوە و لە شادییەکەیان فیلمیان هەڵگرتووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان کردووەتەوە کە ناوبراو ئەم کارەی بە بێڕێزی کردن بە ڕۆحی کوژراوەکانی ڕێژیم زانیوە.

هەڵویستی توندی وەلایەتی لە شادی و خۆشی خوێندکاران، بەهۆی بەشداریی بنەماڵەی حۆجەجی بووە، کە ماوەیەک لە لایەن ڕێژیمەوە بانگەشەیان پێوە دەکرد، کە گوایە لە بەرەی شەڕی دژ بە تێرۆر و قوربانی کردەوەی تێرۆریستین.

موحسێن حۆجەجی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران بوو، کە لە شەڕی نێوخۆیی سووریە و لە پێناو سیاسەتە پاوانخوازنەکانی ئەو ڕێژیمە قوربانی کرا.