کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران هەوڵی هاندانی وڵاتە عەرەبییەکان دژ بە ئامریکا و ئیسرائیل دەدات

14:39 - 18 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: پێشنوێژی کاتی تاران، لە وتاری ڕۆژی هەینی خۆیدا هێرشی بردە سەر وڵاتانی عەرەبی و هەوڵی هاندانی ئەو وڵاتانەی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل دا.

پێشنوێژی تۆندئاژۆی تاران، ئەحمەد خاتەمی، لە وتاری هەینی خۆیدا وتوویەتی: پێویستە کاردانەوەکان بە بڕیاری ترامپ لەمەڕ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئامریکا بۆ ئۆرشەلیم، بەکردەیی بکرێن و وڵاتانی ئیسلامی نێردراوەکانی خۆیان لەو وڵاتە بکێشنەوە و سەفارەتخانەکانی ئیسرائیل لە هەموو جیهاندا دابخرێن.

ناوبراو لە چوارچێوەی قسە ئاژاوەگێڕانەکانیدا، روو لە وڵاتانی عەرەبی وتوویەتی: جیهانی ئیسلام دەبێ غیرەتی هەبێت و ئازایەتی خۆیان نیشان بدەن؛ هەروەها وتوویە: وڵاتانی عەرەبی کە بەردەوام باس لە موسوڵمان بوونی خۆیان دەکەن، بۆچی لە قیبلەی یەکەمی موسوڵمانان دیفاع ناکەن؟ ئەمە بێغیرەتییە و هەر کەسێک ئەمە قەبوڵ بکات و بێدەنگ بێت، بە راستی بێ غیرەتە.

پاش ئەم قسانەی ناوبراو، تاقمێک بەسیجی لە زانکۆی تاران، لە دژکردەوە بە بڕیارەکەی دانڵد ترامپ رێپێوانی ئێعترازییان بەڕێوە برد.

لەلایەکی دیکەشەوە، رۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەز، دانیشتنێکی تایبەت بۆ تاوتوێ کردنی بڕیارەکەی دانڵد ترامپ لەلایەن شۆرای ئەمنیەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بەڕێوە چوو کە تێیدا نیکی هیلی نوێنەری ئامریکا ڕایگەیاند: ئامریکا هەم لەلای ئیسرائیل و هەم لەلای فلیستینییەکان ئیعتباری هەیە و دەتوانێ بە نیسبەت چۆنیەتی ڕێککەوتنی ئەو دوولایەنە رۆڵی نێونجیگەری بگێڕێت.