کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لوبنان لە کرماشان پیرۆزتره

15:34 - 18 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گەورەترین پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی لوبنان ئەنجام دەدات وخەڵکی کرماشانیش لە بچووکترین خزمەتگوزارییەکان بێبەشن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ویدئۆیی کە سەبارەت به خزمەتگوزارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە نیسبەت بە یارمەتینەدان بە خەڵکی کوردستان و ئێران بڵاو بووەتەوە، باس لەوە دەکرێت کە ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران بە چ شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر یارمەتی خەڵکی لوبنان دەدات.

لە ڕاپۆرتەکەدا ژنێکی لوبنانی باس لەوە دەکات کە ڕێژیمی ئێران باشترین ئیمکانات و خزمەتگوزاریی خۆشبژێوی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە دابین کردووە و تەنات کرێ خانووی مانگانەشیان بۆ دابین دەکات.

هەروەها حەسەن شاتری (حیسام خۆشنویس) یەکێک لە فەرماندە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران و بەرپرسی نۆژەنکردنەوەی لوبنان باس لەوە دەکات کە لە ماوەی کەمتر لە ١٤ ڕۆژدا کێشەی کارەبا، ڕێگاوبان و کێشە سەرەکییەکانی ٧٣ گوندمان چارەسەر کردووە.

ئەو قسە و لێدوانانەی بەرپرسانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە ئێستا یەک لە سەر چواری خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ڕۆژانە ڕێژەی هەژاران لە ئێراندا زیاتر دەبێت.

هاوکات خەڵکی پارێزگای کرماشان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پاش هاتنی بوومەلەرزەی ٢١ی خەزەڵوەر هیچ ئیمکاناتێکی سەرەتاییشیان بۆ دابین نەکراوە و تەنانەت بەرپرسانی ڕێژیم یارمەتییەکانی خەڵکیش بۆ خۆیان دەدزن.

لە دوای بوومەلەرزەکەی چەند حەوتوو پێش ئێستای کرماشان، خەڵکی ئەو پارێزگایە تووشی کارەساتی دڵتەزین بوون؛ لەحاڵێکدا کە بەپێی ئەرکە یاساییە دیاریکراوەکان دەوڵەت دەبوایە چارەسەری کێشەکانی بوومەلەرزەلێدراوان بکات، ڕێژیم هیچ یارمەتییەکی بە خەڵکی ئەو شارە نەکردووە.