کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل: دەبێت به کردەوە دژی بەرنامەکانی ئێران ڕاوەستین

19:35 - 18 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای له وڵاتانی جیهان کردووە لە بەرانبەر بەرنامەکانی ڕێژیمی ئێران به تایبەت بۆ ڕاگرتنی بەرنامە مووشەکییەکانی، کردەوەیان هەبێت.

بێنیامین نێتانیاهو، ڕایگەیاندووە ڕێژیمی ئێران بەرنامە مووشەکییەکانی درێژە دەدات بۆ دەستڕاگەیشتن به چەکی ناوکی و گەورەترین پاڵپشتی تێرۆریزمی جیهانه.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست نێتانیاهو له کۆنفرانسێکی دیپلۆماتیکدا جەختی کردووەتەوە که کاتی ئەوەیە به دژی ئێران کردەوەمان هەبێت.

لەو کونفرانسەدا، بێنیامین نتانیاهو، ئاماژەی به هێرشی وڵاتەکەی بۆسەر بنکە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران له سووریە کردووە و ڕایگەیاندووە که ئیسرائیل ڕێگە نادات که ڕێژیمی ئێران له سووریە جێگیر بێت.

هەروەها بێنیامین نتانیاهو هۆشداری داوە که ئەگەر پێش به ڕێژیمی ئێران نەگیرێت ، له ماوەی ١٠ ساڵدا ئەو ڕێژیمە چەکی ناوکی ساز دەکات و ئاماژەی کردووە که ڕێژیمی تاران خەریکە مووشەکی بالستیکی نێوان قاڕەیی ساز دەکات و دەتوانێت هەموو جیهان بکاتە ئامانجی مووشەکەکانی.

ڕێژیمی ئێران زۆرجار ڕایگەیاندووە که به هیچ شێوەیەک ئامادە نییە بەرنامە مووشەکییەکانی خۆی رابگرێت و لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ هیچ وڵاتیک دانیشتن ناکات.

بەکارهێنانی مووشەکی بالستیک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە له ناوچەکە، له ڕاستای سیاسەتە ئاژاوەگێرانەکانی و پاڵپشتی له گرووپە تێرۆریستییەکان، بووەتە هۆی نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست به تایبەت ئیسرائیل.