کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارەساتی مرۆیی مەسکەنی مێهر خرایە ئەستۆی ئەحمەدینژاد

14:49 - 19 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەی پێشکەشکردنی گەڵاڵەی بودجەی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، ئەحمەدینژادی بە تۆمەتباری سەرەکی کارەساتی مەسکەنی مێهر زانی.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران حەسەن ڕۆحانی، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە دانیشتنی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ئامادە بوو و گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٣٩٧ی پێشکەش کردووە.

ناوبراو لەو دانیشتنەدا وتوویەتی: دیاریکردنی بوودجەی ساڵی ٩٧ سەرەتایەکە بۆ دەستپێکی دەوڵەتی دوازدەهەم، ناوبروا هەروەها بە نیسبەت پرۆژەی مەسکەنی مێهر وتوویەتی: پرۆژە و بەرنامەکانی مەسکەنی مێهر هەر لە سەرەتاوە هەڵە بووە.

مەسکەنی مێهر پرۆژەیەک بوو کە له کاتی سەرکۆماریی مەحموود ئەحمەدینژاد بۆ خانوودارکردنی چینی کەمداهات و هەژار هاتە ئاراوە و تا ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی درێژەی هەبوو و لەو ماوەیەدا ڕێژەیەکی زۆر لەو خانوانە و لەوانە خانووەکانی مەسکەنی مێهری کرماشان لە سەردەمی سەرکۆماریی حەسەن ڕۆحانی دروست کراون و تەحویل دراون.

بوومەلەرزەی شەوی ٢١ لە سەر ٢٢ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بوو بە هۆی خولقانی کارەساتێکی مرۆیی له کوردستانی ڕۆژهەلات و خانووە تازەکانی مەسکەنی مێهر بە سەر خاوەنەکانیدا داڕۆخان و خەڵکانێکی زۆر بوونە قوربانی.

کارناسان هۆکاری سەرەکی داڕمانی ئەو بینایانە بۆ کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ئەو پرۆژەیە دەزانن کە ڕاستەوخۆ لەژێر چاوەدێری ئەوان دابووە.

مەحموود ئەحمەدینژاد لەو ڕۆژانە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر مەجلیسی ڕێژیمی ئێران و کابینەی ڕۆحانی و کاربەدەستەکانی بە ناکارئامە دەزانێت و لە بەرانبەردا کاربەدەستانی ئیستای ڕێژیم هۆکاری سەرەکی قەیرانەکان بە ئەحمەدینژادەوە دەبەستنەوە.