کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حووسییەکان هۆکاری سەرەکیی قەیرانی مرۆیی یەمەنن

15:04 - 19 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری یەمەن، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، حووسییەکان بە هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکانی سەنعا دەزانێت.

نوێنەری هەمیشەیی یەمەن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، خالید یەمانی، ڕۆژی شەممە ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، حووسییەکانی سەر بە ئێرانی بە هۆکاری سەرەکیی قەیرانی مرۆیی سەنعا زانیوە و وتوویە: حووسییەکان بە کردەوە قیزەونەکانیان لە سەنعا بوونەتە هۆی ئەوەی کە کاربەدەستانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو شارە بەجێ بهێڵن.

ناوبراو وتوویە: ڕۆیشتن و بەجێهێشتنی یەمەن، لە لایەن کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدا کە یەمەن بەرەوڕووی چەندین قەیران بووەتەوە، باندۆڕێکی خراپ لە سەر گەیاندنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ ئەم وڵاتە دادەنێت.

پاش ئەوەی کە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، ڕۆژی شەممەی حەوتووی پێشوو لە هاوپەیمانەتی حووسییەکان پەشیمان بووەوە و بۆ دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێی هاوکاریی لەگەڵ هاوپەیمانەتی عەرەبی بە سەرکردایەتی عەرەبستان ئامادەیی دەربڕی، حووسییەکانی یەمەن ڕۆژی دووشەممە ناوبراویان تێرۆر کرد و دەستیان بەسەر هەموو شاری سەنعادا گرت و ئەو شارەیان لە لایەنگرانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح پاک کردەوە.

لەم پێوەندییەدا سپای یەمەن و هێزەکانی هاوپەیمانەتی عەرەبی هێرشیان کردووەتە سەر حووسییەکان و ئەوان بە کۆمەڵێک میلیشیای کودەتاچی دەزانن و چەندین ڕۆژە کە شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان حووسییەکان و هێزەکانی دەوڵەتی یەمەن لە ناوچەی ئەلجەوف بەردەوامە.