کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بودجەی سەربازی سپای پاسداران بۆ زیاتر لە ٢٦ هەزار میلیارد تمەن بەرز دەکرێتەوە

14:42 - 20 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: گەڵاڵەی پێشنیاری دەوڵەت بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو، رادەستی مەجلیس کرا کە تێیدا باس لە زیاترکردنی بەشە بودجەی سپای تێرۆریستی پاسداران کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەز، حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیم بودجەی پێشنیاری دەوڵەت بۆ ساڵی ١٣٩٧ی ڕادەستی مەجلیس کرد، کە تێیدا باس لە زیادکردنی بەشە بودجەی ناوەندە سەربازییەکانی ڕێژیم، بۆ زیاتر لە ٤٠٠ تریلیۆن ڕیاڵ، کە یەکسانە لەگەڵ ٤٠ هەزار میلیارد تمەن، کراوە.

بەپێی دوایین هەواڵە پێوەندیدارەکان، دەوڵەت بۆ بردنەسەری بودجەی سپای پاسداران، پشکی وەزارەتی بەرگری و ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی، کەم کردۆتەوە و بڕیار وایە سپای پاسداران بڕی ٧/٢٦ هەزار میلیارد تمەن وەربگرێت.

ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٩٦دا، بریتی بووە لە ٢٤/٢٢ هەزار میلیارد تمەن، کە بۆ ساڵی داهاتوو نیزیک بە ٤ هەزار میلیارد تمەنی پێ زیاد کراوە، کە ئەمەش بەواتای زیاتربوونی بودجەی سپا بەبەراورد لەگەڵ ئەرتەشە.

بەشە بودجەی ئەرتەش بۆ ساڵی ٩٧، بریتییە لە ٧/٩ هەزار میلیارد تمەن، واتە سپا دووقات و نیو زیاتر لە ئەرتەش بودجەی بەرکەوتووە؛ ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، ئەرتەش لەباری پێرسۆنێل و ئامێر و کەلوپەلی سەربازییەوە، ٣ قات لە سپا گەورەترە!

بەشێک لە کارناسانی کاروباری ئێران پێیان وایە دەوڵەت بەئەنقەست ڕێژەکانی بەشێوەی ڕیاڵ و تریلیۆن ڕادەستی مەجلیس کردووە، تاکوو ئەندامانی مەجلیس سەریان لێ بشەوێت، چوونکە کۆی گشتی بودجەکە، بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٦، ١ هەزار میلیارد تمەن کەمی کردووە!