کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانێکسەکانی ڕێژیم، خەساری گیانی و ماڵی زیاتری بۆ زەویلەرزەلێدراوان بەدیاری هێنا

14:45 - 20 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ئەو کانێکسانەی کە ڕێژیم، چەواشەکارانە بۆ خەڵکی لێقەوماوی کرماشانی ناردبوو، لەبەرامبەر با و بۆراندا نەیانتوانی بوومەلەرزەلێدراوان بپارێزن و تەنانەت زەرەری گیانیشی بۆ بەدیاری هێنان.

قاسم جاسمی نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەز، لە وتووێژێکدا لەگەڵ خانە ملت باسی لە دۆخی قەیراناوی بوومەلەرزەلێدراوان لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کردووە و وتوویەتی: لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی هاتنی ڕەشەبا و زریان، زۆربەی ئەو کانێکسانەی ڕادەستی لێقەوماوانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوان کرابوو یان بەتەواوەتی لەنێوچوون یان با لەگەڵ خۆی بردوون.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، جگە لە خەساری ماڵی و لەنێوچوونی بەشێکی بەرچاو لە کەلوپەلەکانی ئەم خەڵکە، بەشێکیشیان سەرەڕای ڕزگاربوون بەدەس بوومەلەرزە، بریندار بوون.

هەواڵدەریی مێهر ماوەیەک پیش ئێستا باسی لەوە کردبوو کە ئەرکی سازکردنی سەرپەنا بۆ لێقەوماوانی کرماشان، لە ئەستۆی سپای پاسدارانە و قەرارگای خاتەمولئەنبیا سەرقاڵی لابردنی پاشماوەی خانووە ڕووخاوەکان و دابین کردنی سەرپەنای کاتییە.

سپای پاسداران لە کاتێکدا ئەم ئەرکەی خراوەتە سەرشان، کە وەک ئەحسەن عەلەوی، نوێنەرێکی دیکەی ڕێژیم وتوویەتی: لە سازکردنی کانێکسەکاندا هیچ بنەمایەکی ئەندازیاری ڕەچاو نەکراوە؛ وتوویشیەتی: بەداخەوە ئەم لایەنانە سەرقاڵی یاری‌کردن بە گیانی خەڵکن و لەژێر ناوی یارمەتی‌گەیاندن، هەوڵ بۆ تاڵانکاری زیاتر دەدەن.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، بەهۆی نەبوونی سەرپەنا بۆ خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو، خەڵک لە شارەکانی شنۆ، سەقز، سنه، مەهاباد و چەندین شاری دیکەی کوردستان و ئێران، بەشێوە خۆڕسک کانێکسیان بۆ خەڵکی لێقەوماوی کرماشان ساز کرد و بۆیان بردن تا لە وەرزی سەرمادا بێسەرپەنا نەمێننەوە.

ئەم هاوکارییە خەڵکییانە لەکاتێکدا دەکرێن کە بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بە خەڵکیان ڕاگەیاندووە کە ئەو کەسانەی کانێکس وەردەگرن، دەبێ بڕی ٥ میلیۆن تمەن پارە بدەن؛ ئەو کانێکسانەش کە ڕێژیم بۆ خەڵکی ناردووە شکاو و بێکەڵکن و خەڵک نەیانتوانیوە هیچ کەڵکێکی لێوەر بگرن.