کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دڵسۆزانی پارێزگای سنە، بە هانای کارتۆن خەوەکانەوە دەڕۆن

15:09 - 20 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: گرووپی شۆرای خەڵکیی کۆتایی هێنان بە کارتۆن ‌خەویی، ماوەی دوو ساڵە لە پارێزگای سنە بە شێوەی خۆڕسک، بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە، دڵسۆزانە چالاکی دەکەن.

گرووپی شۆرای خەڵکیی، نزیک بە دوو ساڵە هەموو چوارشەممەیەک لەژێر ناوی چوارشەممەی مێهرەبانی، لە نێو شاری سنە بەشێوەی خۆڕسک، خواردنی گەرم و پێداویستییە سەرەکییەکان لە نێوان تووشبووان بە مادەسڕکەرەکان و کەسە بێ‌پەناکان بڵاو دەکەنەوە.

ئەم گرووپە لە ڕاستای ئامانجە مرۆییەکانیان، کۆمەڵێک خزمەتگوزاری مرۆیی وەکوو: چارەسەریی پزیشکی، ناساندنی کەسە تووشبووەکان بە ناوەندی یاریدەدەریی، پێداچوونە بە دۆخی نەخۆشە تووشبووەکان، دابەش کردنی جلوبەرگی گەرم لە وەرزی زستان، پشتیوانیی لە پاکبووانی تووشبوو و یارمەتی دانیان بۆ دۆزینەوەی کار و پیشەیە.

هەر چەندە ئەم خزمەتگوزارییانە ئەرکی شارەدارییەکان و ناوەندە حکوومەتییەکانی دیکەیە، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی و خۆگێل‌کردن بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کێشەکانی کۆمەڵگا، ڕاستەوخۆ خەڵكێکی دڵسۆز و بەئەمەگ لەم بوارەدا دڵسۆزانە چالاکی دەکەن و چاو لە دەستی بەرپرسانی خەمساردی ڕێژیم نامێنن.

دیاردەی کارتۆن ‌خەویی لە ئێران و بەتایبەت کوردستان دیاردەیەکە، کە ساڵانێکە گیانی هەزاران هاووڵاتیی بێدەرەتان و بێ‌پەنای لە وەرزی سەرما و سۆڵە ئەستاندووە و هەتا ئێستە هیچ هەنگاوێكی ئەرێنی بۆ چارەسەریی ئەم دیاردەیە هەڵنەگیراوە.