کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کارناسێکی مووشەکی ڕێژیمی ئێران له یەمەن

15:52 - 20 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: له تێکهەڵچوونەکانی نێوان هاوپەیمانییەتی عەرەبی و حووسیەکان له یەمەن، کارناسێکی مووشەکی ڕێژێمی ئێران کوژراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی العربیە، ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی دێسامبری ٢٠١٧ی زایینی، حسەین خوسرەوی پسپۆڕێکی مۆنتاژی پارچەکانی مووشەک، له ناوچەی ارحب له سەنعا، له تۆپبارانی هێزەکانی هاوپەیمانییەتی عەرەبی به سەرکردایەتی عەرەبستان، کوژراوە.

له چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەرتەشی یەمەن به پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانییەتی عەرەبی، لەو ناوچانەی که حووسیەکان دەستیان بەسەردا گرتووە، له پێشرەویدا بوون و بەپێی ڕاپۆرتەکان له چەند بەرەوە هێرش دەکرێتە سەر حووسیەکان.

حووسیەکانی یەمەن، به پاڵپشتی نیزامی ڕێژیمی ئێران و به چەکی نێردراو لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە له چوارچێوەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ نائەمن کردنی ناوچەکه و گوشارهێنان بۆ عەرەبستان، شەڕ دەکەن.

هەتا ئێستە زۆربەی فەرماندە و هێزە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران که له ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست به تایبەت له وڵاتانی سووریە و یەمەن بۆ ڕاهێنانی گرووپە چەکدارە تێرۆریستییەکان و فەرماندەیی شەڕەکان نێردراون، کوژراون.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، به ناردنی فەرماندەی نیزامی بۆ وڵاتانی ناوچەکه و پاڵپشتی کردن لە گرووپە تێرۆریستییەکان، دەیهەوێت ئامانجە نامرۆڤانەکانی خۆی له چوارچێوەی دۆکتۆرینی هەناردەکردنی شۆڕش لە ناوچەکەدا بپێکێت.