کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران حوکمی کوشتن بۆ میوانەکانی خۆی دەر دەکات

20:19 - 20 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: توێژەر و پزیشکی ئێرانیی دانیشتووی وڵاتی سوئێد، کە بە داوای زانکۆی تاران، بۆ ئێران گەڕایەوە، لە گرتووخانەکانی ڕێژیم چاوەڕوانی مەرگ دەکات.

ئەحمەدڕەزا جەلالی، پزیشک ئێرانی کە لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، لە وڵاتی سوئێد نیشتەجێیە و توێژەری بواری مودیرییەتی قەیرانـە، بە داوا کردنی زانکۆی تاران، ساڵی ڕابردوو بە مەبەستی گرتنی سێمنارێک بۆ وڵاتی ئێران گەڕایەوە، بەڵام بە تۆمەتی سیخوڕی کردن لە لایەن دادگای بەرزی ڕێژیم، حوکمی لە سێدارەدانی بە سەردا سەپاوە.

مێهراننیا هاوسەری ناوبراو لە وتوێژێکی ڕادیویی ڕاگەیاندووە: دادگای بەرزی ڕێژیمی ئێران، حوکمی لە سێدارەدانی هاوسەرەکەی ئەحمەدڕەزا جەلالی پەسەند کردووە.

مێراننیا، وتوویە: کە ئەم حوکمە بەبێ ئەوەی لە لایەن لقێکی دیاریکراوی دادگای بەرزی ڕێژیمەوە پەسەند بکرێت و یان چۆنیەتی دەرکردنی ئەم حوکمە پشتڕاست بکرێتەوە، پێیان ڕاگەیندراوە، ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە لە لایەن دادگاوە ژمارەیەکی تایبەت بۆ دۆسییەی هاوسەرەکەی دیاری نەکراوە.

هاوسەری جەلالی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە ئەم حوکمە لە لایەن سەرۆکی دادگاوە واژۆ نەکراوە و تەنیا لە لایەن دوو کەس لە ئەندامانی دادگای بەرزی ڕێژیم پەسەند کراوە.

ئەحمەدڕەزا جەلالی، لە لایەن قازی سەڵواتی لە دادگای ئینقلابی ڕێژێمەوە بە تاوانی فساد فی الارض مەحکووم کراوە و ئەم تۆمەتە لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە کە خۆیان بە نوێنەری خوا لە سەر زەوی دەناسن، مەرگ و لە سێدارەدانە.

لە حاڵێکدا ٧٤ کەس لە خەڵات کراوەکانی خەڵاتی نۆبێل لە نامەیەکدا بۆ نوێنەری هەمیشەیی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نووسیویانە: مەحکووم بوونی نادادپەروەرانەی ئەحمەدڕەزا جەلالی بە هۆی هاوکاریی نەکردن لەگەڵ دامودەزگای ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانە.