کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران خۆی بۆ شەڕی ئیسرائیل تەیار دەکات

14:40 - 21 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: هەڕەشە و لێدوانەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، دژی بە ئامریکا و هێرش بۆ سەر ئیسرائیل چڕتڕ بووەتەوە.

ماڵپەڕی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران حەسەن ڕۆحانی لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس جەختی کردووەتەوە، کە ئێمە دژی ئەو بڕیارەی ئامریکا دەوەستینەوە و ئینتفازەـی نوێ دەست پێ دەکەین.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باسی لەوەش کردووە، خەڵکی فلستین و وڵاتانی ئیسلامیی دژی ئەو بڕیارەی ئامریکا و ئیسرائیل دەوەستنەوە و ئەو پیلانە ‌هەڵدەوشێننەوە و کۆماری ئیسلامیش وەک هەمیشە پشتیوانیی لە فلستین دەکات و هەتا وەدیهاتنی داواکارییەکانی خەڵکی فلستین شەڕ دەکەین.

لەو پێوەندییەدا، پاسدار قاسم سولێمانی لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەرماندەکانی گوردانی عزالدین قسام و سرایا القدس لە کەنارەی غەزه وێڕای جەخت کردنەوە لە سەر پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران، داوای کردووە بۆ بەرگری کردن لە مسجد الاقصی ئامادە بن.

پێشتریش پاسدار محەممەدعەلی جەعفەری فەرماندەی ڕێکخراوی سپای ڕێژیم، هەڕەشەی لە ئامریکا و ئیسرائیل کرد و لە لێدوانێکدا لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو ڕێکخراوە نیزامییە وتی: ئامانجی ئامریکا و ئیسرائیل تێکدانی مسجد الاقصیـیه و بە پشتیوانیی خودا قودس دەکەینە گۆڕستانی ئیسرائیل.

هاوکات ڕێبەڕی ڕێژیمی ئێران، عەلی خامنەیی، دوای ئەو بڕیارەی ئامریکا لە وتارێکدا هەڕەشەی لە ئامریکا کرد، کە پیلانەکانی کاربەدەستانی ئامریکا لە فلستین شکست دەخوات و ئێمە پشتیوانیی لە فلستین دەکەین و فازێکی نوێ لە ئینتفازە\'\' دژی ئیسرائیل دەست پێ دەکەین.

دوای ئەوەی کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، سەرۆکی ئامریکا دانڵد ترامپ لە بڕیارێکدا پێتەختی ئیسرائیلی لە شاری تلاڤیڤ بۆ ئورشەلیم ڕاگەیاند، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە بە توندی هەڕەشەی لە ئیسرائیل و ئامریکا کرد.