کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران یەکێک لە گەندەڵکارترین وڵاتانی جیهانە

14:48 - 21 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ئێران لە نێوان ١٧٦ وڵاتی جیهاندا لە بواری سڵامەتی ئابووری و نەدانی بەرتیل هاوتەراز لەگەڵ گەندەڵکارترین وڵاتانی جیهانە.

ناوەندیی زانیاری‌گەیاندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە ئاست و ڕێژەی گەندەڵییە ئابوورییەکانی جیهان ئاشکرای کردووە، ئاستی ساڵانەی بەرتیل لە جیهاندا زیاتر لە ١ تریلیۆن دۆلارە کە بەم هۆیەوە ئابووریی جیهانی لە ساڵدا ٦/٢ تریلیۆن دۆلاری دیکەش لەکیس دەدات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕێژەی دان و وەرگرتنی بەرتیل لە وڵاتانی لەحاڵی گەشەسەندن، ١٠ قات زیاتر لە وڵاتانی پێشکەوتووە؛ بۆوێنە وڵاتانی دانمارک، نیوزیلەند و فەنلاند پلەکانی یەکەم تا سێهەمیان لەباری پاقژی ئابووریدا هەیە و وڵاتانی سومالیا، سودانی باشور و کۆریای باکور دوایین پلەکانی ئەم خشتەیان بۆ خۆیان تۆمار کردووە.

وڵاتی ئێرانیش هاوتەریب لەگەڵ وڵاتانی وەک ڕوسیە و ئۆکراین، لە پلەی ١٣١ی جیهاندایە کە دەبێتە یەکێک لە گەندەڵکارترین وڵاتانی جیهان لە باری ئابوورییەوە.

گەندەڵی ئابووریی لە ئێران چووەتە فازی قەیران و سەرەڕای وادە و بەڵێنییە بەردەوامەکانی ڕێژیم بۆ بنبڕکردن یان کەم‌کردنەوەی ئاست و ڕێژەی ئەم قەیرانە، ناوەبەناوە سووچێک لە گەندەڵییەکی مەزن ئاشکرا دەبێت؛ ئێسحاق جەهانگیری ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاندبوو کە گەندەڵی هاوشێوەی مۆریانە دزەی کردووەتە نێو هەموو قوژبنێکی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵ ناکرێت.

دوابەدوای قسەکانی ناوبراو، مێهدی جەهانگیری برای ئەم کاربەدەستەی دەوڵەت کە جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی تاران بوو و هەروەها حسەین فەرەیدوون برای سەرکۆمارەکەی ڕێژیم، بەتۆمەتی گەندەڵی ماڵی دەسبەسەر کران.