کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بازاڕەکانی تاران، دولاری ئامریکا بەرەو هەڵکشانە

14:54 - 21 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: نرخی دولار لە بازاڕەکانی ئێراندا، ڕێکۆردی نوێی تۆمار کردووە.

نرخی دولار لە بازاڕەکانی ئێراندا، بەردەوام لە هەڵکشان و داکشان دایە و ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، دولاری ئامریکا ڕێکۆردی ٤٢١٧ تمەنیی تۆمار کرد و یۆرۆ بە ٥٤٠٥ تمەن گەیشت، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە دولار بۆ ٤٠٩٦ تمەن دابەزیوە و یۆرۆ بۆ ٤٨٨٤ تمەن دابەزی.

بڵاوکراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆکاری سەرەکیی ئەو بەرز بوونانەی دولار لە بازاڕەکانی ئێراندا، بە کۆمەڵێک پرسی نێوخۆیی و لەوانە کێبڕکێی پشکدارانی بوورس لە قەڵەم دەدن، بەڵام چاوەدێرانی سیاسی و کارناسانی ئابووری هۆکاری سەرەکیی ئەو هەڵکشانانە بە پلانی خۆدی ڕێژیمی ئێران بۆ قەرەبوو کردنەوەی کەمیی بوودجە و هەروەها گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا دژ بە دامەزراوە و شیرکەتە ئێرانییەکانی سەر بە سپای پاسداران دەزانن.

شاهین شایان‏ئارانی، کارناسی بواری ئابووری، لەو بارەوە وتوویە: گەمارۆوە نوێیەکانی ئامریکا و بەتایبەت گەمارۆ بۆ سەر تمەنی ئێران و ڕێگری کردن لە مامەڵە بە پارەی ئێرانی لە بازاڕە جیهانییەکان، کەمبوونەوەی داخوازییەکان بۆ پارەی ئێرانی لە دەرەوە و بە پێچەوانە زیاد بوونی داخوازییەکان بۆ دولاری ئامریکایی لە ناو ئێرانی لێ دەکەوێتەوە، کە ئەویش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی نرخی دولار لە بازاڕەکانی ئێران و گرانی بە دوای خۆی دێنێت.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، حەسەن ڕۆحانی، لە گەڵاڵەی پیشنیاریی بوودجەی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، بۆ پارلەمانی ئەو وڵاتە، نرخی دولاری ئامریکایی بە ٣٥٠٠ تمەن مەزەندە کردووە.