کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە \"مێحوەری تاران تا مەدیتەرانە\"ی مەترسیدار وەسف کرد

20:51 - 21 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: دەوڵەتی فەرانسە نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ژان ئیوو لۆدریان، وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسە نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەدا نیگەرانی دەربڕی و جەختی کردەوە کە مێحوەری تاران تا مەدیتەرانە مەترسیدارە.

لۆدریان هەروەها باسی لەوە کردووە، پەرەگرتنی دزەکردنی ڕێژیمی ئیران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگای نیگەرانیه و داوای لەو ڕێژیمەش کرد تا هێزەکانی خۆی لە سووریه بکشێنێتەوە و دژایەتی وڵاتەکەشی لەگەڵ مێحوەری تاران تا مەدیتەرانە دەربڕی.

وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، پشتیوانی ڕێژیمی ئێران لە حیزبوڵڵای لوبنان و بوونی هێزەکانی ئەو ڕێژیمە لە سووریە خۆی مەترسیدارە.

لەو پێوەندییەدا، چەند ڕۆژ لەمەوەبەر ئیمانۆئێل ماکڕۆن لە وتووێژێکی تایبەتەدا لەگەڵ ڕادیۆ نێونەتەوەیی فەڕانسە و تەلەفزیۆنی فڕانس ٢٤، نیسبەت بە سیاسەتی دەرەکی وڵاتەکەی باسی لەوە کرد، ڕێژیمی تاران هۆکاری ناسەقامگیری لە ناوچەکەیە و بەرنامەی مووشەکیی ئێرانی مەترسیدار وەسف کردبوو.

دوای قسەکانی ماکڕۆن سەرکۆماری فەرانسە، پاسدار محەممەدعەلی جەعفەری فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران لە پڕێس کۆنفڕانسێکدا گوتی: ماکڕۆن لاوێکی بێ‌ئەزموون و ناکامڵە و قسەکانی جێگەی گلەیی نین.

پێداگری بەرپرسانی نیزامیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەر بەردەوامی و پەرەدانی زیاتر بە بەرنامە نیزامی و مووشەکییەکان لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ناوچە و زلهێزانی جیهان بەردەوام هۆشداری بەو ڕێژیمە دەدەن.