کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری زیاد کرانی بووجەی بەرگری ئامریکا

14:49 - 22 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: دانڵد ترامپ گەڵاڵەی ٧٠٠ میلیارد دۆلاری، بوودجەی بەرگریی ئامریکای واژۆ کرد.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا کە لە کۆشکی سپی و بە بەشداریی فەرماندە باڵاکانی سەربازیی بەڕێوە چوو، گەڵاڵەی پێشنیاریی بوودجەی بەرگریی ئەو وڵاتەی واژۆ کرد.

دانڵد ترامپ، لەو ڕێوڕەسمەدا ڕەخنەی لە حکوومەتەکانی پێشووتر گرتووە و واژۆکرانی ئەو گەڵاڵەیەی بە کارێکی مێژوویی شوبهاندووە؛ هەروەها وتوویەتی: هۆکاری زیادکرانی بوودجەی بەرگریی ئامریکا، سەرنیا (ترمیم) کردنەوەی هێزی سەربازیی ئامریکا وەکوو گەورەترین و بەهێزترین لەشکری سەربازیی جیهانە.

گەڵاڵەی بوودجەی بەرگریی ئامریکا، کە لە لایەن ترامپەوە پێشنیار کراوە، بڕی ٧٠٠ میلیارد دۆلارە؛ حکوومەتی دانڵد ترامپ بوودجەی هێندێک لە وەزارەتەکان و لەوانە وەزارەتی دەرەوەی کەم کردووەتەوە و بوودجەی وەزارەتی بەرگریی زیاد کردووە.

بۆ جێبەجێ کرانی ئەم گەڵاڵەیە، پێویستە کۆنگرەی ئەم وڵاتە دەنگی متمانەی پێ بدات، بەپێی ئەو یاسایەی کە ساڵی ٢٠١١ بۆ پێشگیری لە تێچووی لە ڕادەبەدەری حکوومەت پەسەند کراوە، بوودجەی هێزی بەرگریی بۆ ساڵی ٢٠١٨ بە لایەنی زۆرەوە، ٥٤٩ میلیارد دۆلار مەزەندە کراوە، بۆیە نوێنەران بۆ پەسەند کردنی ئەو گەڵاڵەیە، پێویستە بۆ یاسای ساڵی ٢٠١١ بگەڕێنەوە و ئەو یاسایە دیسان بەکار بێنن.

دانڵد ترامپ لەو بارەوە وتوویەتی: کۆنگرە پێویستە کە ئەو کێشە چارەسەر بکات و کونتڕۆڵ لەسەر تێچووە سەربازییەکان لاببات، کە من پێم وایە ئەم کارە دەکرێت.

ترامپ لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ئەو گەڵاڵەیە لە کۆشکی سپی هەروەها وتوویەتی: بوودجەی سەربازیی ئامریکا دەبێ بەپێی ئەو هەڕەشانە دیاری بکرێت کە بۆ سەر ئامریکا دەکرێن، هەروەها داوای لە دێموکراتەکان کردووە، تا بۆ دروست کردنی باشترین و بەهێزترین هێزی سەربازیی جیهان هاوکارییان بکەن.