کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەرەکانی قاسم سولەیمانی بۆ عێراق و سووریە پێشێل‌ کردنی یاسا نێونەتەوەییەکانه

14:52 - 22 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەفەرەکانی قاسم سولەیمانی بۆ سووریە و عێراق به پێشێل کردنی بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت دەزانێت.

ئانتۆنیۆ گوترێش، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٢ی دێسامبری ٢٠١٧، له ڕاپۆرتێکدا بۆ شۆرای ئەمنییەت، ئاماژەی به سەفەرەکانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران بۆ سووریە و عێراق کردووە و ڕایگەیاندووە: که ئەم هاتووچۆوانەی قاسم سولەیمانی پێشێل کردنی بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەتە.

بەپێی بڕیاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، له ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی، قاسم سولەیمانی و چەند کەسی دیکە له بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران به هۆی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ بەرنامه ناوکی و مووشەکییەکانی ڕێژیم، چوونە دەرەوە لە ئێرانیان لێ قەدەغە کراوە.

گوترێش، هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی به پێداچوونەوەی پرسی هاویشتنی مووشەکی بالستیکیی ئێران به دەستی حووسییەکانی یەمەن کردووە و جەختی کردووەتەوە که له دانیشتنی ١٨ی دێسامبری شۆرای ئەمنییەت، پرسی سەفەرەکانی قاسم سولەیمانی دەهێننە بەرباس و بڕیاری لەسەر دەدەن.

سپای قودس و فەرماندەکەی، قاسم سولەیمانی له ساڵی ٢٠٠٧ زایینی له لیستی تێرۆری ئامریکا دانراون و له ساڵی ٢٠١١ی زایینیەوە خرانه لیستی تێرۆری یەکیەتیی ئورووپاشەوە.