کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەک مانگ و یەک ڕۆژ بێ‌سەرپەنایی لە کرماشان

15:38 - 22 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: دۆخی ژیانی خەڵکی کرماشان پاش زیاتر لە یەک مانگ نەتەنیا سەقامگرتوو نەبووە بەڵکوو خراپتریش بووە.

پاش بوومەلەرزەکەی ٢١ی خەزەڵوەر لە پارێزگای کرماشان، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان کەس و برینداربوون و لێقەومانی هەزاران کەسی دیکە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە بەپێی یاساکانی خۆی ئەرکدارە لەمەڕ چارەسەرکردنی گرفتەکان و کۆنتڕۆڵی قەیرانەکە، نەتەنیا وەک پێویست ئاوڕی لێنەداونەتەوە بەڵکوو بۆخۆی بووەتە لەمپەڕێکی گەورە لەپێوەندی لەگەڵ ژیانی لێقەوماوان.

بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، تا ئێستا ٢٧ هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە خانووەکانیان لەدەس داوە بەڵام لەلایەن ڕێژیمەوە تەنیا ٦٠٠ کانێکسیان بۆ دابین کراوە؛ هەڵبەت ئەو کانێکسانەش کە ڕادەستی خەڵک کراون، وەک نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم پشتڕاستییان کردۆتەوە، لەبەرامبەر با و بۆراندا نەیانتوانیوە بوومەلەرزەلێدراوان بپارێزن و تەنانەت زەرەری گیانیشی بۆ بەدیاری هێناون.

ئەم دۆخە نالەبارە لەپاش زیاتر لە یەک مانگ، هاوکاتە لەگەڵ دەسپێکی سەرما و سۆڵە و بارینی بەفر؛ لەمبارەوە ئەکبەر سەنجابی فەرمانداری سەرپێڵی زەهاو باسی لە دۆخی نەشیاوی ژیانی هاووڵاتییان لە نێو خێوەتەکاندا کردووە و وتوویەتی: بەرپرسان دەبێ درک بە بارودۆخی لێقەوماوان بکەن؛ خەڵک بە دژوارییەوە لە ژێر خێوەتی ١٠ میتریدا دەژین!

وتوویشیەتی: لە کۆی ئەو ٦٠٠ کانێکسەی کە ڕادەست کراوە تەنیا ٢٠٠ دانەیان لەلایەن بونیادی مەسکەنەوە بە خەڵک دراوە؛ ئەویش بە پێداگری ئەرتەش! ئەمەش لەکاتێکدا دێتە بەرباس کە هەواڵدەریی مێهر ماوەیەک پێش ئێستا باسی لەوە کردبوو کە ئەرکی سازکردنی سەرپەنا و دانی کانێکس بۆ لێقەوماوانی کرماشان، لە ئەستۆی سپای پاسدارانە.

بەوتەی فەرمانداری سەرپێڵ، بۆ هەموو ئەو ناوچانەی کە تووشی کارەساتی بوومەلەرزە هاتن، تەنیا ٤٠٠ چاوە سرویسی بێهداشتی دابین کراوە!

ئەم بارودۆخە سەختە لەکاتێکدا ڕووماڵ دەکرێت کە ئەحسەن عەلەوی، نوێنەرێکی دیکەی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: لە سازکردنی کانێکسەکاندا هیچ بنەمایەکی ئەندازیاری ڕەچاو نەکراوە؛ وتوویشیەتی: بەداخەوە لایەنە پێوەندیدارەکان لەباتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان، سەرقاڵی یاری‌کردن بە گیانی خەڵکن و لەژێر ناوی یارمەتی‌گەیاندن، هەوڵ بۆ تاڵانکاری زیاتر دەدەن.

لەلایەکی دیکەشەوە، فەرهاد تەجەری نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، وتوویەتی: لانیکەم دوو مانگ کات پێویستە تاکوو بوومەلەرزەلێدراوان بەشێوەی کاتیی، شوێنی نیشتەجێ بوونیان بۆ دابین بکرێت!

ئەم قسانەی تەجەری لە کاتێکدان کە، ماوەیەک پێش ئێستا لە راپۆرتێکی ڤیدیۆییدا حەسەن شاتری (حیسام خۆشنویس)، یەکێک لە فەرماندە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران و بەرپرسی نۆژەنکردنەوەی لوبنان باسی لەوە کردبوو، لە ماوەی کەمتر لە ١٤ ڕۆژدا کێشەی کارەبا، ڕێگەوبان و کێشە سەرەکییەکانی ٧٣ گوندمان لە لوبنان چارەسەر کردووە.

لەو ڕاپۆرتەدا ژنێکی لوبنانی باس لەوە دەکات کە ڕێژیمی ئێران باشترین ئیمکانات و خزمەتگوزاریی خۆشبژێوی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە دابین کردووە و تەنات کرێ خانووی مانگانەشیان بۆ دابین دەکات.

ئالێرەدایە کە دەکرێ بڵێین: خێر بۆ خێش نە بۆ دەروێش!