کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنکوور \"دێوەزمەی پارە دەرهێنان\" بۆ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران

19:55 - 22 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ماوەی چەند ساڵە دەیانهەوێت ئەزموونی کۆنکوور لە بەشی پەروەردە و بارهێنان لاببەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وەزارەتی زانستی ڕێژیمی ئێران، جارێکی دیکە باسی لەوە کردووە، کە بڕیاری لابردنی کۆنکوور لەو وەزارەتخانەیە تاوتوێ دەکات و سازمانی سەنجێشـیش لەگەڵ ئەو بابەتە هاودەنگیی خۆی دەربڕیوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بەشی پەروەردە و بارهێنان باس لەوە دەکەن، کە کۆنکوور مافیای ئامووزشـە و ساڵانە چەندین میلیارد تمەن داهاتی هەیە، کە تەنیا بۆ هەندێک کەس و ئیدارەی تایبەتی ڕێژیمە.

لەو بارەیەوە مەنسوور غوڵامی وەزیری زانستی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: کۆنکوور لادەبردرێت و هەڵبژاردنی خوێندکاران بۆ زانکۆکان لە ڕووی پێشینەی خوێندن و گوزینشەوە ئەنجام دەدرێت؛ هاوکات بۆ لابردنی کۆنکوور وەزارەتی زانست دەبێ بەرنامەیەکی جێگرەوە بێنێتە ئاراوە.

ماوەی ٤٨ ساڵە کە کۆنکوور لە ئێراندا بەڕێوە دەچێت، ئێستە دۆخی کۆنکوور کە بە هۆی ترس و دڵەڕاوكێی قوتابییان لەو تاقیکارییە، بە دێوەزمەی کۆنکوور ناوی دەرکردووە، گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر ئاسان و لاواز کە تەنانەت کەسانی پێوارـیش (غایب) دەتوانن بەشداری لەو تاقیکارییەدا بکەن.

کارناسان هۆکاری ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیم دژایەتی خۆیان لەگەڵ لابردنی کۆنکوور دەردەبڕن بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە داهاتی کۆنکوور سەرسوڕهێنەرە و ئەوەش تەنیا دەخرێتە گیرفانی چەند کەس و ئیدارەیەکی تایبەتی ڕێژیمەوە.

لە دوای چەندین ساڵ قسە و باسی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ لابردنی کۆنکوور تا ئێستا بە ئەنجامێک نەگەیشتوون و ئەو پڕۆسەیە وەک خۆی ماوەتەوە.