کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران چوار هەزار میلیاردی لە بەشە بوودجەی پەروەردە کەم کردووە

19:59 - 22 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ٣٦ هەزار میلیارد بوودجەی بۆ ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی بۆ بەشی پەروەردە تەرخان کردووە، که بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ٤ هەزار میلیارد کەمی کردووە.

له گەڵاڵەی پیشنێاری بوودجەی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، بۆ بەشی پەروەردە، ٣٦ هەزار میلیارد بوودجه دابین کراوە که ٢ هەزار و ٨٣١ میلیارد تمەنی بۆ بەشی ئیجرایی دانراوە، ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، زۆرتر له ٤ هەزار میلیارد، کەمی کردووە.

له بوودجەی ساڵی ١٣٩٧دا بۆ بەشی نۆژەن کردنەوە و گەشەی قوتابخانەکان، ٦٦ میلیارد تمەن دابین کراوە، ئەمە لە حاڵیکدایە، که له ساڵی ڕابردوودا ئەم ڕێژەیە ٨١٤ میلیارد تمەن بووە، واتە ٧٤٨ میلیارد تمەن کەم کراوە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، ٣٠ لەسەدی قوتابخانەکانی ئێران دەبێ بڕۆخێن و سەرلەنۆی ساز بکرێنەوە، هەروەها ٤٢ لەسەدی قوتابخانەکانی ئێران سیستمی گەرماییان نییە و له زۆرێک لە پارێزگاکانی ئێران قوتابخانەکان بە شێوەی کانێکس و خەیمە ساز کراون.

لە لایەکی دیکەشەوە وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم، توانای پێدانی مووچەی مامۆستاکانی نییە و ٦ هەزار میلیارد تمەن به مامۆستاکان قەرزدارە و لە کاتی خۆیدا ناتوانێت مووچەیان پێ بدات.

بەپێی مادەی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێران، خوێندن تا ئاستی دواناوەندیی دەبێت به بێبەرانبەر بێت و بوودجەی تایبەت بۆ بردنە سەرەوەی ئاستی فەزای پەروەردە دابین بکرێت، بەڵام له هێندێک قوتابخانه تا ٧٥٠ هەزار تمەن پارەیان له قوتابیان وەرگرتووە.

ئەگەر سیستمی پەروەردەیی ئێران، بیهەوێ خۆی لە ئاستی جیهانیدا ببینێتەوە، پێویستە که زۆرتر گرنگی به بەشی پەروەردە بدات، نە ئەوەیکە لە بەشە بوودجەکەی کەم بکاتەوە؛ قوتابیان لە هەر وڵاتێکدا دابینکەری داهاتووی ئەو وڵاتەن، بەڵام ڕێژیمی تاران بەپێچەوانەوە هەوڵ بۆ لاواز کردنی پەروەردە لە ئێران دەدات.