کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"راهیان نور\" تووری گەشتیاریی منداڵ کوشتن

20:02 - 22 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ڕووداوی هاتووچۆ له تووری راهیان نور دیسان بووە هۆی گیان لەدەستدانی قوتابی و مامۆستایانی ئێران.

ڕۆژی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، له ڕێگەی سووسەنگرد سەر بە پارێزگای خووزستان، پاسی کاروانی راهیان نور تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بووە و ٤ قوتابیی گیانیان لە دەست داوە و ٣٤ کەسیشیان بریندار بوونه.

کاروانەکانی راهیان نور له لایەن ڕێژیمەوە به مەبەستی بردنی قوتابییان بۆ ناوچە جەنگییەکانی کاتی شەڕی ڕێژیمی ئێران و عێراق ڕێک خراوە و به ئامانجی پڕۆپاگاندەی مەزهەبیی و سیاسیی لە پێناو سیاسەتەکانی ڕێژیم و کاریگەریی دانان لەسەر قوتابییان ئەنجام دەدرێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، له ڕێگەی توورەکانی راهیان نور به زۆرەملێ قوتابییان بۆ ناوچە جەنگییەکان دەبەن و به کەڵکاژۆ وەرگرتن له زەینی منداڵەکان، سیاسەتە نامرۆییەکانی خۆیان له مێشکی منداڵان جێگیر دەکەن.

بەپێی ئامارەکان ساڵانە پێنج میلیۆن کەس لەم توورانەدا بەشداری دەکەن، بەڵام ئەمنییەت و پاراستنی منداڵەکان له ئاستێکی زۆر نزم دایە و له ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوییەوە هەتا ئێستە ٩٠ کەس لەم توورانه گیانیان لە دەست داوە.