کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسێن شەریعەتمەداری: ئەنساروڵڵا دەبێت نەوتکێشەکانی عەرەبستان بکاتە ئامانج

20:05 - 22 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسی گشتیی ڕۆژنامەی کەیهان، لە لێدوانێکدا بۆ خوێندکارانی زانکۆی ڕەجایی، پێشنیاری بە میلیشیاکانی ئەنساروڵڵا کردووە، کە نەوتکێشەکانی عەرەبستان بکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان.

حوسێن شەریعەتمەداری، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز، لە زانکۆی تربیت دبیری ڕەجایی ڕووی لە پێکهاتەی کابینەی ڕۆحانی کرد و وتی: ئێوە کە توانایی بەرهەمهێنانی خۆتان لە ئاستی ئاوگۆشت لێنانێک دەبینن سروشتییە کە ڕاگەیەندراوە دەرەکییەکان بڵێن، ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕوانگەیەکی فرۆشیاریی قەرزدارانەیە، کە ئامادەن بەرژەوەندییەکانی خۆیان بفرۆشن.

ناوبراو لە وڵامی خوێندکارێک لە مەڕ بارودۆخی یەمەن وتوویە: تەنیا ڕێگای بەرەنگاریی لەگەڵ فڕۆکە شەڕکەرەکانی عەرەبستان و هێندێ وڵاتی عەرەبیی کەنداو ئەوەیە، کە دەبێت نەوتکێشەکانی ئەم وڵاتانە لە کەنداوی عەدەن بکرێنە ئامانج.

ئەم بەرپرسە توندئاژۆیەی ڕێژیم، ماوەیەک پێشتریش لە سەردێڕی یەکێک لە بابەتەکانی ڕۆژنامەی کەیهان بۆ حووسییەکانی نووسیبوو: دەبێت هێرش بۆ سەر وڵاتی دوبەی بکەن، کە بە هۆی ئەم سەردێڕە بە مەبەستی خۆڵ لە چاو خەڵک کردن، ماوەی دوو ڕۆژ ڕۆژنامەی کەیهان داخرا.

ڕۆژنامەی کەیهان یەکێک لە ڕۆژنامەکانی سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتییە، کە لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە، بە زۆرەملێ داگیر کراوە و حوسێن شەریعەتمەداری یەکێک لە بناژۆخوازەکانی ڕێژیم و کەسی نزیک لە خامنەیی وەکوو بەرپرسی یەکەم ئەو ڕۆژنامەیە دیاری کراوە.