کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆشکی سپی لەبارەی ئێرانەوە، ئۆلتیماتۆمی بە کۆنگرەی ئامریکا دا

14:32 - 23 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ئۆلتیماتۆمی بە کۆنگرەی ئامریکا داوە تا بەخێرایی دژ بە ئێران بڕیار بدات.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی هیل، بڕیاری دانڵد ترامپ سەبارەت بە ڕەت کردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام لەگەڵ ئێران، پڕۆسەیەکی خستووەتە بەردەم کۆنگرە کە دەبێ لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا سەبارەت بە وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران بڕیار بدات، بەڵام سەرۆکی ئامریکا داوای لە کۆنگرە کردووە، تا گەڵاڵەیەک بۆ دەستکاری کردنی بەرجام پەسەند بکات.

ترامپ وتوویەتی: ئەگەر کۆنگرە کارێک نەکات، بڕیار بۆ هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام دەدەم؛ هەروەها سێناتۆر کۆرکێر لەو بارەوە وتوویە: ئێمە لەگەڵ پێرسۆنێلی کۆشکی سپی، تیمی ئەمنییەتی نیشتمانی و هەروەها ئورووپاییەکان، چەندین دانیشتنمان هەبووە و پێم وایە دەسکەوتی باشمان بەدەست هێناوە.

باب کۆرکێر وتوویە: تا ڕادەیەک هیوادارم لە هەمبەر جێبەجێ کردنی داخوازیی دانڵد ترامپ بۆ دەستکاری کردن یان هاتنەدەرەوە لە بەرجام، بەڵام دێموکراتەکان وتوویانە، لە گەڵاڵەیەک کە جێگای پەسەندی ئورووپا نەبێت پشتیوانی ناکەین.