کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شار پیرۆزبایی ٢٦ی سەرماوەزیان لە پێشمەرگەکانی شاخ کرد

13:57 - 25 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: پۆلێک لە پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی شار، بەبۆنەی هاتنی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، پەیامی پیرۆزبایی و بەڵێن نوێ کردنەوەیان بۆ پێشمەرگەکانی شاخ نارد.

دەقی پەیامەکەیان بەم چەشنەیە:

لە گەڵ سڵاوێکی گەرم و شۆڕشگێڕانە
(پێشمەرگە بەرزترین سیمبۆلی بوێری و زاناییە)


لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، سڵاو دەنێرین بۆ ئێوە پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە مێژوییەتان لێدەکەین.

پێشمەرگە ڕەمزی مانەوەی گەلی کوردە و پارێزەری بەها و ئەرزشە ئینسانیەکانە؛ پێشمەرگە یادگاری بەنرخی کۆماری کوردستانە کە هەتا ئەمڕۆ، لە سەنگەری بەربەرەکانێ بە دژی حکومەتە ناوەندگەرا و تێرۆریستەکانی پاشایەتی و ئیسلامی ئێراندا ماوەتەوە؛ ئێمە لە شاری سەقز لە گەڵ هەموو پێشمەرگە قارەمان و گیان لەسەردەستەکانی سەنگەر، پەیمان نوێ دەکەینەوە و بەڵێنتان پێدەدەین وەک هەمیشە پاڵپشت و هاوکارتان بین و هیچ کات لە هەوڵەکانمان بۆ لاواز کردن و ڕوخانی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران کەم نەکەینەوە. بەڵێن دەدەین ڕاسان لە شاردا دژ بە داگیرکەر بەردەوام بێت هەتا نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بە ئامانجەکانی خۆی بگات. سڵامەتی و شادی بۆ هەمووتان بە ئاوات دەخوازین و هیوادارین لە کوردستانێکی ئازاددا بە دیدارتان شاد ببینەوە.

هەزاران سڵاو لە پێشمەرگە خۆڕاگرەکانی سەنگەر

بەشێک لە ئەندامان ولایەنگرانی حدکا لە شاری سەقز