کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"خوورخەوی\" نوێترین دیاری ڕێژیم بۆ خەڵکی کەم داهاتی ئێران

14:31 - 26 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: پاش پەرەسەندنی گرفتی كارتۆنخەوی و سەرهەڵدانی دیاردەکانی گۆڕخەوی و کوونەخەوی و جعبەبتون خەوی و گاری خەوی لە ئێراندا، بەم دواییانە دیاردەیەكی نوێ بە ناوی خوورخەوی یش سەری هەڵداوە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەز، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا کۆمەڵێک لە لاوانی بەندەرعەباس پیشان دەدرێن کە بەهۆی بێدەرەتانی و هەژاری لە ژێر پرد و لە تەنیشت زێرابەکانی شاردا شوێنی حەوانەوەیان بۆ خۆیان ساز کردووە کە بە خوور دەناسرێ.

بەپێی لێدوانی ئەم لاوە بێ‌ماڵ و حاڵانە، ئەوان تووشی نەخۆشییەکانی گورچیلە و ئێسک بوونەتەوە؛ وەک خۆشیان دەڵێن: زۆر جار لەلایەن خەڵک و بەتایبەت مەئموورەکانی ڕێژیمەوە لەگەڵ بێڕێزی و لێدان بەرەوڕوو دەبنەوە.

بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکانی چالاکانی بیاڤی هەژاری، لە سەدا ٤٠ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاری‏دان.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە یەكێك لە دروشمەكانی ڕێژیم لە سەرەتای هاتنە سەركاریدا، سەرەڕای بەخۆڕاییكردنی ئاو و كارەبا و ئوتووبووس، ئەو ڕستە بەناوبانگە بوو كە لە كاتی خۆیدا بوو بە مانشێتی ڕۆژنامەكانی ئێران كە: خانوو مەكڕن، خانوو بۆ هەمووتان دابین دەكەین.