کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان داگیر کراوە

14:40 - 26 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: عوسمان بایدەمیر پارلمانتار و وتەبێژی فەرمیی پارتی دێموکراتی گەلان (HDP) ڕایگەیاند، ئەگەر فلستین داگیر كرابێت ئەی كوردستان چییە؟

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان عوسمان بایدەمیر، پارلمانتار و وتەبێژی فەرمیی پارتی دێموکراتی گەلان، لە کۆبوونەوەیەکدا باسی لەوە کردووە: ئەگەر فلستین داگیر كرابێت ئەی كوردستان چییە؟ بۆ؟ كوردستان مەزڵووم نییە و گەلەكەی ناچەوسێندرێتەوە؟ ئێستا لە شاری بەدیلس كام شارەدار ھەیە، کە لە زیندان نەبێت، ئەی ئاكەپە؟ ئەی ئەمە داگیركەر نییە؟

بایدەمیر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕوو لە ئاكەپە دەڵێت: كورد بۆ تۆ كێشە نییە، دەستبەسەر داگرتنی ٩٦ شارەداریی داگیركارییە.

ئەم قسانەی بایدەمیر دوای ئەوە دێت، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیه، نیگەرانی خۆی لەبارەی بڕیارەكەی سەرۆكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریكا بۆ ناساندی ئۆرشەلیم (قودس) بە پێتەختی ئیسرائیل دەربڕی و بە داگیركردنی فلستینی وەسف كرد.

لەو پێوەندییەدا چەند ڕۆژ پێش له گرته‌ ڤیدیۆییەکدا، کە له‌ په‌یجی فه‌رمیی عوسمان بایدەمیر بڵاو بوویەوە‌، جێگری سه‌رۆكی پا‌رلمانی تورکیە كه‌ له‌ جیاتی سه‌رۆكی پا‌رلمان دانیشتنه‌كەی‌ به‌ڕێوه ‌برد، به‌ توانجه‌وه‌ له‌ بایده‌میر ده‌پرسێت: كوردستان له‌ كوێیه‌؟.

بایده‌میر له‌ وڵامی ئه‌و قسه‌یه‌دا، له ‌نێو ساڵۆنی پا‌رلمانی توركیە، ده‌ست له ‌سه‌ر دڵی خۆی داده‌نێت و به‌ ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێت: كوردستان له‌ نێو دڵم دایه‌، ئەو وڵامەی بایدەمیر جێگری سەرۆکی پارلمان و باقی پارلمانتارانی دیکە بێدەنگ دەکات.

لە دوای قسەکانی عوسمان بایدەمیر که له ‌سه‌ر كوردستان و‌ڵامێکی جەرگبڕی بە جێگری سه‌رۆكی پارلمانی توركیه دایه‌وه‌، خوسرەو کوردپوور چالاکی مافی مرۆڤ، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردووە: تا ئێمە لە کوردستاندا هەین، سەنگەری خەباتی مەدەنیی نەتەوەی کورد داگیر ناکرێت. کوردستان شوێنی باب و باپیران و هەتاهەتایی ئێمە بووە و دەبێت.