کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە بەردەوامه

16:55 - 26 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بەردەوامن لە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغیی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، بە بۆنەی ۲٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە نێو شاری سنە بۆ چەندەمین جار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەو شوێنانەی چالاکییان تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: مەیدانی زەفەریە، مەیدانی ئیقباڵ، مەیدانی ئینقلاب، بەرانبەر پارکی سپیدار، بەرانبەر ‌ئیدارەی پۆست و مەیدانی وەکیڵ؛ لەو چالاکییانەدا ئەندامانی حیزب تراکت و پوستێری تایبەت بە ۲٦ی سەرماوەزیان بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها ڕۆڵە نەبەزەکانی دێموکرات، بە بۆنەی ساڵڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، له شارۆچکەی حەسەناوای سنه، شارەکی زاگرۆسی سنه، گەڕەکی غەفووری سنه، مزگەوتی جامعی حەسەن ئاوا، قوتابخانەکانی غەفوور، زاگرۆس و حەسەناوا تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە پێشمەرگەکانی شار، لە سەرهوویەی ژاوەرۆی سنە و لە گوندی سەردۆش بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز تەقەی خۆشییان کردووە.

لە بۆکان، ئەندامانی حیزب بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان له کوی ئەندیشە، عەلی ئاباد، تێرمیناڵی تازه، سێ‌ڕێیانی خاوەران، گاز و عەلی ئاباد چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەز تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری مەهاباد، به بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە شوێنەکانی وەک: وروودیی شار، تاقەدار، فەلەکەی مادەر، شەقامی موکریان، شەقامی زانکۆی پەیامی نوور، شەهرەکی کارمەندان، ئەسحابەی سپی، مەیدانچەی حەسەنزاده، حەوشەی نەخۆشخانەی مەهاباد، تالاری سابڵاغ و قەسر، بەری شیلانان و بەری قوتابخانە وێنە و تراکتی تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردەوە.