کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەڕێوەچوو

16:47 - 27 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە ناوەندیی ٣ی کوردستان، بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و بنەماڵەکانیان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ ڕێزگرتن لە ٢٦ی سەرماوەز، لە ناوەندیی ٣ی کوردستان بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان بەڕێز ئیدریس هۆرمۆزی ئەندامی بەڕێوەبەریی ناوەندیی ٣، پەیامی تایبەتی ناوەند بۆ ئەم ڕێوڕەسمەی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

دواتر سرودی پێشمەرگە تۆ سەنگەری لەلایەن کۆڕی موزیکی ناوەندیی ٣وە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی یەکیەتییەکانیی ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن خاتوو زەکیە سدقی، ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان لە ناوەندیی ٣ی کوردستان پێشکەش کرا.

پاشان شێعرێکی پێشمەرگانە، لەلایەن شاعێری پێشمەرگە، مامۆستا بێبەش و هەروەها هەڵبەستێک بەناوی ژ بۆ دۆزێ لەلایەن حیکمەت نەبی‌زادەوە خوێندرانەوە.

دوای نمایش کردنی تابلۆیەکی هەڵپەڕکێ لەلایەن گرووپی هەڵپەڕکێی ئاسۆ، بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە بە شایی و دیلان کۆتاییان بە ڕێوڕەسمەکە هێنا.