کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاخ پەیامی پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگەی ئاراستەی شار کرد

21:37 - 28 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمیی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە لایەن هێزی تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چیاکانی کوردستان بەڕێوەچوو.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە چیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕایگەیاند، ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە چیاکانی کوردستان بە بەشداری بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، فەرماندە نیزامی و سیاسییەکانی هێزی تایبەت، کادر و پێشمەرگەی هێزی تایبەت و میوانان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەێ ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان ڕەحیم مەنگووڕی فەرماندەی هێزی تایبەتی حیزبی دێموکرات لە چیاکانی کوردستان وێڕای بەخێرهاتنی میوانان بۆ ئەو ڕێوڕەسمە، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانی لە سەرجەم ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەموو پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان پیرۆزبایی کرد.

مەنگووڕی لە بەشێکی قسەکانیدا ڕایگەیاند: گەلێک هێزی هەبێ لەشکان نەهاتووه، هێزێکیش کە گەلی هەبێ لە کۆتاییدا سەرکەتوو دەبێ، پشتیوانی هەر دووکیشیان ئەو شاخ و کێوانەن.

دواتر تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

مستەفایی ڕایگەیاند: لێرە کۆ بووینەتەوە تا لەم ڕۆژە مێژووییەدا ڕێز لە پێشمەرگەی خەباتکاری ڕێگای ئازادی، ڕۆڵەی فیداکار و داکۆکیکاری گەل و خاکی نیشتمان بگرین. ئەگەر بە هۆی لە خۆبردوویی و بەرگریی هێزی پێشمەرگە لە نیشتمانەکەماندا نەبووایە ئێستا بە تەواوی ئاسێمیلە کرابووین، نیشتمانەکەشمان بۆ هەمیشە دەکەوتە ژێر پۆستاڵی ڕەشی داگیرکەرەوە و هیچ هیوایەک بۆ ڕزگاری تێیدا بەدی نەدەکرا.

ناوبرا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد: ڕێژیمی کۆنەپەرەست و داگیرکەر بۆ ناهومێدکردنی خەڵکی کوردستان هەلپەرەستانە وای نیشان داوە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کۆتاییان هاتووە، جێگای داخ ئەوەیە کە تەنانەت دۆستەکانیشمان کە ئەم هەنگاوە بەرپرسیارانەیەی حیزبی ئێمە زۆرتر بۆ لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەوان هەڵگیراوە؛ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بزووتنەوە و هیزی پێشمەرگەی ئەو بەشەیان بە لاواز لە قەڵەم داوە. لە لایەکی دیکەوە هەبووەن و هەن ئەو کەسانەش کە خەباتی پێشمەرگەیان کردووەتە هۆکاری پاساوهێنانەوە بۆ سەرکوتەکانی ڕێژیم و وایان تەبلیغ دەکرد کە ئەگەر خەباتی هێزی پێشمەرگە نەبێ، ڕێژیمی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامی ئاوڕ لە کوردستان دەداتەوە و کوردستان دەبووژێنێتەوە، بێکاریی خەڵک چارەسەر دەکرێ و کوردستان ئاوەدان دەبێتەوە.

مستەفایی هەروەها باسی لەوە کرد: ڕاگرتنی خەباتی چەکداری لەم ماوە دڕێژەدا بەس بووە بۆ ئەوەیکە ئەم تاقمە تێبگەن کە ڕێژیم نە تەنیا کوردستانی ئاوەدان نەکردووەتەوە، بەڵکوو بە پلانی ورد و پڕتێچوو و بەربڵاو دەستی داوەتە سڕێنەی شوناسی نەتەوەیی و فەرهەنگیی کورد و لە باتی ئاوەدانی و دابینکردنی کار، زیاتر لە پێشوو کوردستانی کردووەتە ئامانج و خەڵکی بەرەو هەژاریی زیاتر بردووە.

پاشان کۆڕی سروودی ڕاسانـی هێزی تایبەت گۆرانییەکی لەژێر ناوی ڕۆژت پیرۆز بێ پێشمەرگە پێشکەش بە میوانان کرد.

دواتر خاتوو گوڵباخ بەهرامی بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە شێعرێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا ڕۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، لەوحێکی ڕێزلێنانی که لە لایەن هێزی تایبەتەوە بۆ ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە کۆمیتەی سۆران دیاری کرابوو، ئەو لەوحە ڕێزلێنانە به ڕامین عومەر زادە بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەو شارە پێشکەش کرا.

دواتر سێ ئەندامی کۆمیتەی سۆران بە ناوەکانی کاروان شەریف، بێهزاد شێخ زاده و مستەفا سێلەکە لەوحی ڕێزلێنانیان لە لایەن بەهمەن دێهقان جێگری فەرماندەی هێزی تایبەتەوە، پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا دوو ئەندامی دیکەی کۆمیتەی سۆران بە ناوەکانی ڕوومێل عومەرزادە، سەعید ڕەنجبەر لە لایەن غاڵب حەبیبی کادری سیاسی لە هێزی تایبەت لەوحی ڕێزڵێنانیان پێشکەش کرا.

پاشان پێشمەرگەی لاو نیزام سەجادی گۆرانییەکی لەژێر ناوی نیشتمان پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرد.

دواتر شێعرێکی بەهەست لەژێر ناوی پێشمەرگە لە لایەن خاتوو هەورین مەنگووڕی پێشکەش کرا.

پاشان دوو خاکیپۆش بە ناوەکانی ئەویندار و پێشەوا گۆرانییەکیان پێشکەش کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە چەند تابلۆی هەڵپەڕکێ لە لایەن گرووپی هەڵپەڕکێی زرێبار کۆتایی پێهات.