کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشێکی دیکەی ڕێژیمی ئێران پووچەڵ کرایەوە

22:28 - 29 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: هێرشێکی مووشەکێکی بالستیکیی هاوێژراو لە لایەن حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە لایەن هاوپەیمانەتی عەرەبییەوە پووچەڵ کرایەوە.

هاوپەیمانەتی عەرەبی، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕایگەیاند: مووشەکێکی بالیستیکیی کە لە لایەن حووسییەکانی سەر بە رێژیمی ئێرانەوە بەرەو باشووری عەرەبستان هاوێژرا، لە لایەن پەدافەندی بەرگریی پاتریۆتەوە لە ئاسمانەوە تەقێنرایەوە.

دەنگی تەقینەوەی مووشەکەکە و دووکەڵەکەی لە ئاسمانی ڕیازەوە بینراوە و پاشان پارچەکانی لە خاکی عەرەبستان دۆزاونەتەوە، کە بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانەتی عەرەبی، کەوتنە خوارەوی پارچەکانی ئەو مووشەکە، هیچ خەسارێکی گیانی و ماڵی لێ نەکەوتووەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی سەرماوەز، شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیسبەت لێکۆڵینەوە و شرۆڤەی ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران کۆ بووەوە و نیکی هێلی نوێنەری ئامریکا لەو ڕێکخراوەیە، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەمبەر هەڵسووکەوتی ڕێژیمی ئێران، ئاماژەی بە هێرشی مووشەکیی حووسییەکان لە ڕۆژی سێشەممە کردووە و وتوویە: هێما و نیشانەکانی هەبوونی دەستی ڕێژیمی ئێران لەو هێرەشە تازەیەشدا کە بۆ سەر ڕیاز کراوە، بەرچاو دەکەوێت.

لە یەک ساڵی ڕابردوودا، ئێران چەندین تاقیکاری مووشەکیی هەبووە، سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران هۆکاری ئەو تاقیکاریانەی بۆ تاوتوێ کردنی هێزی مووشەکیی ئەو وڵاتە باس کردووە، بەڵام زۆر جار مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران لە لایەن هەندێ ڕێکخراوی تیرۆریستیی وەک حیزبۆڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەنەوە کەڵکیان لێ وەرگیراوە.