کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلیتیکۆ: حیزبوڵا سەندیکایەکی چالاکیی نێونەتەوەییە بۆ قاچاخی ماددە سڕکەرەکان

14:16 - 30 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: گۆڤاری بەناوبانگی پۆلیتیکۆ لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەییدا ئاشکرای کردووە کە حیزبوڵای لوبنان جیا لە ڕێکخراوێکی سیاسی – سەربازی، دەستێکی باڵای هەیە لە قاچاخی ماددە سڕکەرەکان.

لەم ڕاپۆرتەدا، پۆلیتیکۆ ئاشکرای کردووە کە حیزبوڵا وەک سەندیکایەکی چالاکیی نێونەتەوەیی لە بوارەکانی قاچاخی ماددە سڕکەرەکان، قاچاخی چەک‌وچۆڵ و سپیکردنەوەی پارە کار دەکات و ساڵانە نیزیک بە ١ میلیارد دۆلار داهات لەم بوارانە وەدەست دێنێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پۆلیتیکۆ لەڕێگەی هاوکاری چەندین ئاژانس و کۆمپانیای تایبەت و هەروەها ڕێکخراوی سیا و مووساد توانیویانە هەموو کون و قوژبنەکانی ئەم زنجیرە چالاکییەی حیزبوڵا بدۆزنەوە؛ بۆوێنە یەکێک لە بازاڕەکانی حیزبوڵا بۆ فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان، لە ئامریکای لاتینەوە دەست پێدەکات و تاکوو ڕۆژئاوای ئافریقا و لەوێشەوە بۆ ئۆرووپا و ڕۆژهەڵاتی ناڤین درێژەی هەیە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، حیزبووڵا بە کڕینی ماشینە کۆنە ئامریکاییەکان و ناردنیان بۆ ئافریقا و فرۆشتنیان لەوێ، داهاتی میلیاردی وەدەس دێنێت و لەڕێگەی تۆڕە بانکییەکانی بەستراوە بەخۆی، پارەکانی لە چوارچێوەی چالاکییە نایاساییەکانی وەک قاچاخی چەک و قاچاخی ماددە شیمیاییە مەترسیدارەکان خەرج دەکات.

حیزبوڵای لوبنان کە هەنووکە بە ڕێکخراوێکی سیاسی – سەربازی – تێرۆریستی دەناسرێ، لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٠ی زایینی و لەژێر ڕێنوینییەکانی خومەینی دامەزرا و بەیارمەتی سپای پاسداران لەباری سەربازی و تێرۆریستییەوە ئامووزش درا؛ ئەم گرووپە کە لەباری سیاسی و ماڵییەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پاڵپشتی دەکرێت لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسراوە کە هەوڵ بۆ ئاژاوەگێڕی لە ناوچە و جیهان دەدات.