کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی له کرماشان

15:00 - 30 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: کۆمەلێک لە سەرمایەدانەرانی دامەزراوەی افضل توسی کرماشان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان ڕێکخست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ دامەزراوەی افضل توس سەر به بونیادی شەهیدی ڕێژیم، هاوتای زۆربەی دامەزراوە بانکییەکانی دیکەی ئەم ڕێژیمە، پارەی کۆمەلێکی بەرچاو لە خەڵکی کرماشانیان خواردووە کە ئەم مەسەلە بووەتە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایەتی دەربڕینی سەرمایەدانەران.

ئەو کەسانەی که لەو دامەزراوەیەدا، سەرمایەکانیان وەگەڕ خستووە، داوای پارەکانی خۆیان دەکەن و دەڵێن که لە لایەن بونیادی شەهیدی ڕێژیمەوە سەرمایەکەیان تاڵان کراوە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان لەمبارەوە، دامەزراوەکانی قوامین سەر بە هێزی ئینتزامی ڕێژیم و انصار سەر به سپای پاسدارانیش بەشێکی زۆر له سەرمایەکانی خەڵکیان دزیوە و نادەنەوە.

دامەزراوە بانکییەکانی ڕێژیمی ئێران کە زۆربەیان سەر به هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمن، لە سەرانسەری ئێراندا به ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی ئاسایی هەوڵی هەڵلووشینی سەرمایە و پارەی خەڵک دەدەن.

لە لایەکی دیکەشەوە، بێهیارانی کرماشان بەهۆی دانەمەزراندنیان له لایەن ڕێژیمەوە، لە بەرامبەر دیوانی عیداڵەتی ئیداری لەو شارە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە.