کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

17:12 - 1 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب و کەسایەتی خۆشناوی ناوچەی بۆکان، کاک ئەبووبەکر ئۆستاد قادری کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە مالپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ۲۹ی سەرماوەز، کاک ئەبووبەکر ئۆستاد قادری، ئەندامی دڵسۆز و کەسایەتی خۆشناوی ناوچەی ئەحمەدی کۆر، لە گوندی عەبدوڵڵا تەپەسی، بەهۆی نەخۆشییەکی کوت‌وپڕ کۆچی دوایی کرد.

کاک ئەبووبەکر کەسێکی هەڵسووڕ و نیشتمانپەروەر بوو؛ ناوبراو لە هیچ هاوکارییەک بۆ پێشمەرگەکانی حیزب درێغی نەدەکرد و بەردەوام ماڵەکەی شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوو.

جێی ئاماژەیە برایەکی ناوبراو بە ناوی خالید، ماوەی ١٤ ساڵ بە تۆمەتی پێشمەرگایەتی و بەشداری لە بزووتنەوەی ڕزگارییخوازانەی کوردستان، لە ڕەشچاڵەکانی ڕێژیمدا بوو.

تەرمی ناوبراو، ڕۆژی پێنج شەممە، لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچە، لە گۆرستانی مەڵالەر بە خاک سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەداخ بونی خۆی بۆ کۆچی دوای کاک ئەبوبەکر رادەگەیەنێت و وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو خۆی بەشەریکی خەمیان دەزانێت.