کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چیاقامەتان یادی یەڵدایان بەرز ڕاگرت

17:22 - 1 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: هێزی تایبەتی حیزبی دێموکرات لە چیاکانی کوردستان ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا، شەوی لەدایک بوونی پێغەمبەری ئاشتییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ کاتژمێر ٧ی شەو، ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز، ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی شەوی یەڵدا و لەدایکبوونی دوکتوور قاسملوو، لە بنکەی خاکی پۆشانی دێموکرات لە شاخەکانی کوردستان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە کوورتەباسێک لەسەر شەوی یەڵدا و لەدایکبوونی ڕێبەری هەردەم زیندووی گەل، دوکتوور قاسملوو لەلایەن هاوڕێی پێشمەرگە ڕەفیق میرییەوە دەستی پێکرد.

پاشان کۆڕی سروودی ڕاسان، سروودێکیان لەژێر ناوی قاسملوو پێشکەش کرد.

دواتر ئاسۆ مینبەری کوورتەیەک لە ژیانی پڕبەرهەمی دوکتوور قاسملووی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا یەکێکی دیکە لە خاکی پۆشان بەناوی پێشەوا مۆحەممەدی گۆرانییەکی فۆلکلۆری شادی پێشکەش بە بەشداران کرد؛ لە بڕگەیەکی دیکەشدا بەشداربووان بە گێڕانەوەی قسەی خۆش و بەسەرهات و شێعر و گۆرانی ڕێوڕەسمەکەیان زیاتر ڕازاندەوە.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی خاکیپۆشان کۆتایی پێهات.