کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەواو نەبوونی بینای تالاری فەرهەنگی سنە، بە هۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیمەوە

15:24 - 2 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: پرۆژەی تالاری فەرهەنگی سنه، دوای ١٥ ساڵ، تەنیا ٣٠ لەسەدی ساز کراوە و پشتگوێ خراوە.

بەپێی وتەکانی جێگری ئیداری- ماڵی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئێرشاد ئیسلامیی ڕێژیم، پرۆژەی تالاری ناوەندیی سنه (تالاری فەرهەنگ) له ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی، ساز کردنی دەستی پێکردووە و هەتا ئێستە پاش گۆڕینی پێنج دەوڵەت و شەش وەزیر و شەش پارێزگار، هێشتا ٣٠ لەسەدی ساز کراوە.

مەحموود ڕۆستەم‌پوور، جێگری ئیداری- ماڵی ئیدارەی فەرهەنگ و ئێرشاد ئیسلامیی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، که لەم ١٥ ساڵەدا هەموو ساڵێک ٣ میلیارد بوودجه بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخان کراوە و تا ئێستە ٣ پەیمانکار، کاریان لەسەر کردووە.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، که ڕووبەری ئەم پرۆژەیە ١٤ هەزار و ٥٠٠ مێتری چوارگۆشەیە و بەپێی نرخی ڕۆژی پێداویستییەکانی بیناسازی، تەواو کردنی ئەم پرۆژەیە ٥٠ میلیارد تمەن بوودجەی پێویستە و ٣ ساڵی پێ دەچێت و به گشتی تا ئێستە ٩ میلیارد بوودجە لەم پرۆژەیە سەرف کراوە.

ئەمە لە حاڵێک دایە، که ڕووناکبیران و چالاکانی فەرهەنگیی له سنه زۆر ڕەخنەیان لەم پرۆژەیە و پرۆژەکانی دیکەی ڕێژیم و کەمیی شوێنی تایبەت به چالاکیی فەرهەنگی لەو شارە و کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر بەرنامە فەرهەنگییەکان هەیە.