کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێککەوتننامەی ناوکی

14:58 - 3 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بیست و چوار ئەندامی کۆنگرەی ئامریکا لە نامەیەکدا، باس لە پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێککەوتننامەی بەرجام دەکەن.

لی زلدین، یەکێک لە نوێنەرانی نیۆیۆرک و ٢٣ ئەندامی کۆنگرەی نوێنەرانی ئامریکا، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ترامپ، وێڕای ئاماژە بە چەندین پێشێلکاریی ڕێژیمی ئێران لە ڕێککەوتننامەی ناوکی، خوازیاری ئەوە بوون تا ئەو بەرپرسانە لەو بارەوە بە فەرمی لێی بکۆڵنەوە و ڕای خۆیان باس بکەن.

ئەم نامەیە کە لەسەر ماڵپەڕی زلدین دانراوە، بۆ ڕێکس تێلرسۆن وەزیری کاروباری دەرەوە، جیمز مەتیس وەزیری بەرگری و مایک پەمپێئۆ بەرپرسی ڕێکخراوی سیا نووسراوە.

ئەو نامەیە جیا لەوەی باسی لەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران نە تەنیا لە بنەڕەتدا ڕۆحی بەرجامی پێشێل کردووە، بە ئاشکراش لە ژانوییەی ٢٠١٦ تا ئێستە چەندین پێشێلکاریی کردووە.

ئەو ئەندامانەی کۆنگرە ئاماژەیان بە دوو ڕاپۆرتی ئاژانسی ناوکی داوە، لەو ڕاپۆرتانەدا هاتووە، کە ڕێژیمی ئێران چەندین سانترفیۆژی پێشکەوتووی زیاد کردووە و هەروەها هەندێ چالاکیی پەیوەندیدار بە کاروباری ناوکی هەبووە.

لە درێژەدا نووسیویانە کە پێشگرتنی ڕێژیمی ئێران لە تیمی چاوەدێری و ڕێگە نەدان بە پێشکێنەرانی ئاژانس بۆ پشکنینی سایتە ناوکییەکان، خاڵێکی دیکەی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی بەرجامە.

لە کۆتایی نامەکەدا، ئەو ٢٤ ئەندامەی کۆنگرە، داوایان لەو بەرپرسانە کردووە، کە لەو بارەوە بۆ ڕوون کردنەوە و ئاشکرا کردنی زانیاری وردتر و زیاتر لەسەر پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران و پشتگوێ خستنی ڕێککەوتننامەی بەرجام هەوڵ بدەن.

هاوکات لەگەڵ ئەو هەوڵانەی نوێنەرانی کۆنگرە، حکوومەتی ترامپ لەو باوەڕەیە، کە ڕێژیمی ئێران بە نیسبەت تاقیکردنەوە و پەرەپێدان بە مووشەکە بالستیکییەکانی و هەروەها دانی مووشەک بە ڕێکخراوە توندئاژۆوەکان، بەرجامی پێشێل کردووە.