کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی سپای پاسداران بۆ پێشگیری لە ڕووخانی ڕێژیم

15:03 - 4 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سپای پاسداران بۆ کوودەتایەک لە نێو ڕێژیمی ئێران خەریکی ئامادەکارییە.

لەم ڕۆژانەدا لایەنگران و نزیکەکانی ڕۆحانی تەنیا ترسیان لە خۆپیشاندانی خەڵک نییە، بەڵکوو چالاکانی سیاسی سەر بە دەوڵەتی ڕۆحانی باس لەوە دەکەن، کە پشتی پەردەی دروشمەکانی مەرگ و نەمان بۆ ڕۆحانی و ئێمە کە شۆڕشمان کرد، چ هەڵەیەکمان کرد مۆرەکانی سپای پاسدارانن، کە بە هەڵگیرسانی ئاگری ناڕەزایەتییەکان، بەپێی پلان و بەرنامە خەریکی خۆ ئامادە کردنن کە لە نێو ڕێژیمدا کوودەتایەک بکەن.

لە یەک دوو مانگی ڕابردوودا، هیچ ڕۆژێک نەبووە کە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێراندا بەڕێوە نەچێت، لە کرێکارانێک کە چەندین مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە بگرە هەتا خانەنشینکراوەکان کە پاش ئەو هەموو خزمەتە ئێستا لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، یان ئەو کەسانەی کە بۆ ڕۆژی تەنگانە پارەیەکیان کۆ کردبووەوە، بەڵام ئێستە بە ناچاری هەموویان خەرج کردووە و هیچیان بە دەستەوە نەماوە.

ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە ڕەنگێکی دیکەیان بە خۆوە گرتووە، کە لە مێژووی ڕێژیمی ئیسلامیدا نەبینراوە، لەم ڕێپێوان و ناڕەزایەتییانەدا جۆرێک هاوئاهەنگی و مودیرییەت بەرچاو دەکەوێت، ئەگەرچی هێشتا توانایی ئەوەیان نییە، کە ڕێژیم بڕۆخێنن، بەڵام خەریکە ڕێچکەیەکی جیددی بە خۆیانەوە دەگرن.

ئەو دروشمانەی کە لەم ڕۆژانە بیستراون ڕەنگێکی دیکەیان هەیە، چ دروشمی پەشیمانی خەڵک لە دەنگدانەکەیان بە ڕۆحانی، کە پاش گەڵاڵەی بوودجەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ڕاگەیندراوەکان بڵاو بووەتەوە، یان لە ڕێپێوان و ناڕەزایەتیی ماڵخوراوان، بەشداربووان دروشمی مەرگ و نەمان بۆ ڕۆحانیـیان وتووەتەوە و هەروەها لە ئیسفەهان لە رێپێوانی خانەنشین کراوانی فوولادی موبارەکە، دروشمی ئێمە کە شۆڕشمان کرد، چ هەڵەیەکمان کرد وتراوەتەوە.

ئەوەی کە جێگای گومانی زۆرترە، ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو هەمووە دروشمە ڕچەشکێنانە کە لە لایەن ناڕازییانەوە وتراونەتەوە، تا ئێستا ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، عەلی خامنەیی بێدەنگ بووە و هیچ قسەیەکی لەو بارەوە نەکردووە.

هەندێک لە وڵاتانی ئۆرووپایی لەو بارەوە باس لەوە دەکەن، کە بەپێی ڕاپۆرتی دیپلۆماتەکانیان لە تاران، بە پشتگیریی مۆرە دەسڕۆیشتووەکانی لای ڕێبەری رێژیمی ئێران، هەندێ جموجووڵ لە ناو سپادا بەرچاو دەکەوێت، ئەم وڵاتانە لەسەر ئەو باوەڕەن، ئەو دروشمانە کە نە تەنیا دەوڵەت بەڵکوو تەواویەتی ڕێژیمیان کردووەتە ئامانج، دەتوانێ ڕێخۆشکەری هاتنە مەیدانی سپای پاسداران بە هەموو هێزیەوە بۆ ئەنجام دانی کوودەتای نیزامی و بە دەستەوە گرتنی هەموو دەسەڵات لە ئێراندا بێت.