کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هۆی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی زیاتر لە ٥٠ کەس گیراون

14:43 - 8 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: تەنیا یەک ڕۆژ پاش خۆپیشاندانه ناڕەزایەتییەکەی مەشهەد، بەرپرسانی دادگوستەریی ڕێژیم باس لە دەستبەسەرکرانی ٥٢ کەس دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، خەڵکی مەشهەد ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە گرانی و سیاسەتی دەستێوەردانی دەرەکی و یارمەتیدان و پاڵپشتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپ و لایەنەکانی وڵاتانی درواسێ و باقی وڵاتانی دیکە دەربڕی و لە بەرانبەر شارەداری ئەو شارە کۆ بوونەوە و دژ بەو ڕێژیمە درووشمی مرگ بر دیکتاتور، مرگ بر روحانی، اسلام رو پلە کردید، مردم رو زلە کردید و سوریە رو رها کن فکری بە حال ما کنیان وتووەتەوە.

لە بەرانبەر ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینانەدا، پۆلیس و هێزی دژە شۆڕشی ڕێژیم لە شاری مەشهەد بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی ناڕازی و هەوڵی بڵاوە پێ کردنیان داوە.

تەنیا یەک ڕۆژ پاش ئەو نارەزایەتیانە ئەمڕۆ هەینی ٨ی بەفرانبار، بەپێی قسەی بەرپرسانی قەزایی ڕێژیم له مەشهەد تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە ٥٢ کەس لەو پەیوەندیەدا دەستبەسەر کراون.

دە ڕۆژ پێشتر، بەشێک لە ماڵخوراوان کە ماڵ و سەرمایەکانیان لە لایەن دامەزراوە ئیعتبارییەکانی ڕێژیمەو تاڵان کراوە و پێیان نادریتەوە، لە تاران ڕێپێوانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردبوو و دژ بە ڕێژیم دروشمی تووندیان گووتبووەوە.