کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چل‌وپێنجەمین ڕۆژی ئاوارەیی بوومەلەرزه لێدراوان

15:11 - 8 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ٤٥ ڕۆژ له کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان تێپەڕ دەبێت و هێشتا بارودۆخی خەڵک نالەباره.

لە یەکەم ڕۆژەکانی ڕوودانی کارەساتی بوومەلەرزه له کرماشان، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەڵێنیان بە خەڵکی بوومەلەرزه لێدراو دا که به زووترین کات، کێشەکان و پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک دابین دەکەن و دەست دەکەن به نۆژەنکردنەوەی بینا ڕووخاوەکان.

به هۆی بوومەلەرزه زۆرتر له ٤٠ هەزار خانوو سەداسەد ڕووخاون و ٥٥ هەزار خانوو دەبێ نۆژەن بکرێن و دەیان هەزار کەس له ناوچەکانی بوومەلەرزه لێدراو بی سەروسامان بوون و لە وەرزی سەرما به کەمترین پێداویستی سەرەتایی ژیان لەو ناوچانەدا دەژین.

بەڵێنیەکانی ڕێژیم له سەرەتاوە به دابەشکردنی خێوەت دەستی پێکرد و دووایی بڕیاری دابەشکردنی کانێکس درا، بەڵام هەتا ئێستا نه خێوەتەکان به ڕێژەی پێویست دابەش کراوە نه‌ک کانێکسەکان و ماڵوێرانی و له دەستدانی کەسوکار و ئاوارەیی وەکوو یەکەم کێشە چاوی لێکراوە.

سەرما و بەفر و باران و چوونییەتی بەخێوکردنی خەڵک بووەتە کێشەیکی زۆر گەورەتر له بوومەلەرزەکه و له ڕاستیدا بوومەلەرزەی کەمتەرخەمی ڕێژیم زۆر بەهێزتر و ماڵوێرانکەرتر له بوومەلەرزه سرۆشتییەکەیە.

لەم ماوەیەدا هەواڵی دڵتەزین لەو ناوچانه، وەکوو گڕ گرتنی خێوەت و کانێکسەکان، وێنەگەلێک لە ژن و منداڵەکان که لەژێر بەفر و باران و دەژین، بڵاو بووەتەوە.

لە کاتێکدا کە خەڵکی نیشتمان پەروەری کوردستان به هەستێکی زۆر مرۆڤانه و وڵات پارێزی به هانای هاووڵاتیانیان له کرماشان چوون، بەڵام ڕێژیم به پێشگرتن به گەیشتنی یارمەتییەکان و دزینیان نەیهێشت که خودی خەڵک دەردی خۆیان دەرمان بکەن و به ئەرک سپاردن به سپای تێرۆریستی پاسداران، نەک بۆ یارمەتیدان و نۆژەنکردنەوە، بەڵکوو بۆ چەوساندنەوەی خەڵک و کەڵکئاژۆی ئابووری، تەبلیغاتی بۆ ڕێژیم به هزاران چەکدار لەو ناوچانه جیگر کران و له یەکەم ڕۆژەوە دەستیان کرد به تاڵان کردنی کوردستان.

لەم ناوەدا سرۆشت له دوو لاوە کوردی ماڵوێران کرد، یەکەم سرۆشت به واتای ڕاستەقینە و دووهەم سرۆشتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی که دژی مرۆڤە و کورد بوونه و له لای ئەو ڕێژیمه تاوانه و به هەموو شیوەێک هەوڵ بۆ لەنێو بردنی کورد دەدات.

لەم ماوەیەدا هەواڵی گیان لەدەستدان له سەرما و لەبارچوونی منداڵ به هۆی نەبوونی نەخۆشخانه و پزیشک و هەروەها گۆشارە دەروونییەکان، نەمانی هیوا به ژیان و داهاتوو بووەتە هۆکاری خۆکوژی لەو ناوچانه و تا ئیستا زۆرتر له ٢٠ کەس هەوڵیان داوە بوو خۆکوشتن.

له ڕاستیدا تاڵان کردنی کوردستان و کەمتەرخەمی و هەموو شێوە دژایەتییەکان له لایەن ڕێژیم بۆ تاکی کورد له پێناو پیلانی وردکردنی ئیرادەی خەڵک و لە نێو بردنی کەسایەتی تاکی کوردە، بۆ نموونە له میدیاکانی ڕێژیم لەم ماویەدا چەندەیان پڕۆپاگاندا بۆ دەسەڵاتی ناڕەوای خۆیان کرد. چەندین بەرنامەی تەلویزیۆنی ساز کرا که ماڵوێرانی و دەربەدەری نیشان دەدا ئەوەش نەک بۆ هاوخەمی بەڵکوو بۆ ڕووخاندنی ئومید به داهاتوو و چارەسەر نەکردنی کێشەکان بوو.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر له تاران بوومەلەرزه هات و چاوەکان هەمووی بەرو تاران بوون و ڕێژیم هەتا ئێستایش به فەرامووش کردنی کرماشان، تەواوی ئۆرگانەکانی خۆی ئامادە کردووە که لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزه له ناوچه فارس نشینەکان، بچوکترین کێشە بۆ خەڵک دروست نەبێت.

نموونەی هاوتای ئەوەمان له کاتی شەڕی ڕێژیمی ئێران و بەعس به ڕوونی دیوە که هەشت ساڵ شارە کورد نشینەکان لەژێر تۆپباران بوون و لە شارە فارس نشینەکان بچوکترین تەقەیەک نەکرا و ماڵی کەس وێران نەبوو، بەڵام هەتا یەکەم مووشەک درا لە تاران به خواردنی جامی ژەهر کۆتایان بەو شەڕه هێنا، چوونکه ژیانی ناوەند نشینەکان کەوتە مەترسی.

ئیستاش هەر لەو شارانه وەکوو گێڵان، قەسرشیرین و سەرپێلی زەهاو و به گشتی پارێزگای کرماشان که لە شەڕی ئێران و عێراقدا وێران بوون، دیسان به بوومەلەرزه وێران بوون و بۆ خەڵک دەرکەوت که تەنیا لەژێر هاوکێشەی سیاسی ئێران دان.

بەرپرسەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، لە ڕۆژەکانی یەکەمدا دەستیان کرد به سەردان کردنی ناوچه بوومەلەرزه لێدراوەکان و دروشمدان بۆ چارەسەریی کێشەکان، بەڵام ئامانجی ئەوان بەسەر کردنی خەڵک نەبوو، بەڵکوو تێگەیاندنی خەڵک بوو که له هەر بارودۆخێکدا، بن دەستی ئێمەن.

ئەگەر تێچووی سەفەرەکانی ئەو بەرپرسانه حیساب بکرێت، سەروەی چەندین میلیارد تمەن لەو سەفەرانه تێچووی بۆ کراوە و هیچ کاریگەریکی لەسەر باشتربوونی بارودۆخی خەڵکی کرماشان نەبووە، لە حاڵیکدا به تێچووی ئەو سەفەرانه دەیانتووانی هزاران خێوەت و کانێکس بۆ لێقەوماوان دابین بکەن.

به وتەی پارێزگاری کرماشان، لەو بوومەلەرزەدا، ئەم شارە ٥ هەزار میلیارد تمەن خەساری دیوە، ئەمە له حاڵیکدایە که ئەم خەسارە لە بەشی ئاوەدانکردنەوە و لەنێو چوونی کەلو‌پەلی ژیانی خەڵک بەرچاو نەگیراوە.

به وتەی هوشەنگ بازووەند، پارێزگاری ڕێژیم لە کرماشان، نۆژەنکردنەوەی خەسارەکانی شارە بوومەلەرزه لێدراوەکانی کرماشان، پێویستی به سەرەوەی ١٠هەزار میلیارد تمەن بوودجه هەیە.

ئەم بوودجەیە نە تەنیا دابین نەکراوە، بەڵکوو له گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٣٩٧ هەتاوی، لە بوودجەی پێشینی کرماشان کەمیش کراوە.