کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان دژی ڕێژیمی ئێران ڕاپەڕی

16:28 - 8 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: به هۆی گرانیی کاڵا و ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان و ئێران خەڵک دژی ئەو ڕێژیمە ڕاپەڕیون و خۆپیشاندانەکان بەردەوامن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ٨ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، خەڵکی کرماشان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دژی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتیان نیە و کێشەکانیان بۆ چارەسەر ناکرێت خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە.

خۆپیشاندەران لە کرماشان دژی ڕێژیم دروشمی وەک زندانی سیاسی باید آزاد گردد، مرگ بر دیکتاتوریان بەرز کردووەتەوە. هەروەها لە کوردستان هێڵی ئینتێرنێت لە زۆربەی شارەکان پچڕاوە هێڵی تەلەفوون کار ناکات و کورتەنامەش بەڕێ ناکرێت و فەزای شارەکان میلیتاریزە کراوە.

هەروەها جێگری پارێزگاری تاران هۆشداری بە خەڵک داوە کە دژی هەر چەشنە کۆبوونەیەوەیەک بە توندی ڕادەوەستن و لەگەڵ خۆپیشاندەران بە توندی هەڵسوکەوت دکرێت.

هەروەها ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیم گوتوویەتی: کەسانێک کە لە سەر شەقامەکان حەرەکەتی سیاسی دەکەن ناتوانن ئەو حەرەکەتەش کۆتایی پێ بهێنن.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە سەرانسەی ئێراندا خەڵک لە شارە جیاوازەکاندا دژی گرانی، قەیرانەکانی کۆمەڵگا، چارەسەنەکردنی کێشەکان و باقی کێشەکانی دیکە دژی ڕێژیمی ئێران هەستاونەتەوە و دروشمی دژی ڕێژیمیان بەرز کردووەتەوە.

ئەمڕۆ جیا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە شارەکانی دیکەی ئێران وەک خوڕەم ئاباد، لوڕستانیش خۆپێشاندان کراوە و ڕێژیمی ئێران لە ترسی خەڵک گاردی وێژە و هێزی سەرکوتکەری ڕژاندووەتە سەر شەقامەکان و زۆربەی شارەکان بە تەواوەتی میلیتاریزە کراون.

ڕۆژی ڕابردووش، لە شاری مەشهەد و چەند شارێکی دیکەی ئێران وەک بووشێهر، گناوە، کاشمەر، نەوشەهر، شاهروود و یەزدی خەڵکی نیسبەت بە گرانی و گەندەڵی و و بەتاڵانبردبی سامان و داراییەکان لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.

خۆپێشاندەران لەم خۆپیشاندانانەدا دروشمی دیکەی وەک مرگ بر دیکتاتور، مرگ بر روحانی و چەندین دروشمی دیکەیان دژی ڕێژیمی ئێران وتووەتەوە.

لە ماوەی یەک حەتووی ڕابردوودا، شەپۆلێک لە گرانیی سەرسووڕهێنەر سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوەو بە هۆی نەبوونی کار و بێکاری ئەم دۆخەی هێندەی دیكە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی ئاڵۆزتر كردووە.