کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی هاوبەشی ئامریکا و ئسرائیل بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران

14:54 - 9 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ئامریکا و ئیسرائیل گرووپێکی هاوبەشیان بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران له ناوچەکه پێک هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی ١٠ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل، ڕێکەوتننامەیەک له کۆشکی سپی لە نێوان ئامریکا و ئیسرائیل به ئامانجی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ بەرنامە مووشەکی و ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران واژۆ کراوە.

ئامریکا و ئیسرائیل لەسەر پێکهێنانی چەندین گرووپی کاری هاوبەش ڕێک کەوتوون، که یەکێک له گرووپەکان ئەرکی بەرەوڕوو بوونەوەی لەگەڵ دزەی ڕێژیمی ئێران له لوبنان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان لە ئەستۆیە و گرووپێکی دیکەش بۆ پێشگرتن له چاڵاکییەکانی ڕێژیم له سووریە پێک هاتووە.

له ڕاپۆرتێکی بڵاڤۆکی نیویورک مەگەزینیشدا هاتووە، که کارە دیپلۆماتییەکانی ئامریکا و ئیسرائیل به ئامانجی بەرەوڕوو بوونەوەی هەمە لایەنە لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانە و ڕێک کەوتوون که له چوارچیوەی بەرجامدا و لەسەر پێبەندبوونی ڕێژیم بەو ڕێککەوتننامەیە چاوەدێریان هەبێت.

ئەم ڕیککەوتنە له ڕۆژی ١٢ی دێسامبری ٢٠١٧ی زایینی، له کۆشکی سپی واژۆ کراوە و له درێژەی گرتنەبەری سیاسەتی تازەی ئامریکا له هەمبەر ڕێژیمی ئێرانه و بەرنامەکانی هەمە لایەنە و گشتگیرە و باس لەوە کراوە، که گرووپێکی هاوبەشی دیکەش بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران له ئەگەڕی شەڕ و دەستێوەردانەکانی له ناوچەکه پێک بێت.