کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی ڕەبیعی و خامنەیی بەقەد یەک لەسەر ئەدەبیاتی کوردی و کورد شارەزان

14:58 - 9 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: وەزیری کاری ڕێژیم لە سەفەرێکدا بۆ کوردستان لێدوانی چەواشەکارانەی دا و خۆی و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمەکەی بەبێ گوناح نیشان دا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوای ئەوەی کە عەلی ڕەبیعی وەزیری کاری ڕێژیم، سەردانی مەهاباد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کرد، بۆ بە لاڕێدا بردنی بیروڕای خەڵک لێدوانێکی چەواشەکارانەی دژی کوردستان دا و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی وەک پیاوچاک نیشان دا.

ڕەبیعی لە کاتێکدا کە بۆ ڕێورەسمی کوڵینگ لێدانی نەخۆشخانەی ٩٦ تەختی تامین اجتماعی سەردانی مەهابادی کردبوو، ئەو لێدوانەی داوە.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێكی دیکەی قسە چەواشەکارانەکەی خۆیدا وتوویەتی: کوردەکان حەقیان بە گەردنی ئێمەوە هەیە و مەهاباد شاری کەسانێکی وەک قازی محەممەدە.

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی: من لە شاری مەهاباد هەست بە بێگانە بوون ناکەم، ئێرە شاری کەسانێکی ناودار وەک هێمن و هەژار و قازی محەممەدە، کە دژی دەسەڵاتی زاڵمی پالەوی خەباتیان کردووە، هەر بۆیە ئەم کەسایەتیانە میللیـن و نابێ هیچ لایەنێک بیانکاتە موڵکی خۆی.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کردووە، ئێمە دەبێ پێکەوه بژین و ئێران بۆ هەمووانە و هەر بۆیە جێگری وەزارەتی کار و بەڕێوەبەری فەرهەنگیی من کە ژنێکی خەڵکی سنەیە هەر دوویان کوردن.

قسەکانی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە کاتێک دایە، کە نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژوو خەباتی بۆ پێکەوە ژیانی نەتەوەکانی ئێرانی کردووە، کەچی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە بە گولـلە و تۆپ و هێرش بۆ سەر کوردستان، وڵامی ئەو داخوازییەی کوردیان داوەتەوە.

لە ڕاستای قسەکانی ناوبرا لە بارەی ئەدیبانی کوردی و ئەدیبانی کورد و بەتایبەتی مامۆستا هێمن و هەژار کە ناویانی هێناوە، دەبێ بڵێین ناوبرا هیچ زانیارییەکی لە بارەی ئەو کەسانەوە نییە و لە ئاستی عەلی خامنەییدا زانیاری لە بارەی ئەو ئەدیبە ناودارانەوە هەیە؛ چونکە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی خامنەیی لە پیشانگای کتێبی تاران پرسی کە مامۆستا هەژار زیندووە؟ لە حاڵێکدا مامۆستا هەژار ١٨ ساڵ بوو کە کۆچی دوایی کردبوو.

کاتێک کە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە پیشانگای نێودەوڵەتیی تاران لە ساڵۆنی D سەردانی بەشی کتێبەکانی کوردستانی کرد، لە غورفەیەکدا لە دوو پیاوی پیری پرسی شما اهل سنندج هستید؟ و وتی: کوردستان ناوەندی ئەدبیاتە دواتر ڕێبەری ڕێژیم پرسی: آقای هژار زنده‌اند؟ این آقای هژار – عبدالرحمن شرفكندی ، متخلص به هژار- قانون ابن سینا را به قدری خوب ترجمه كرده‌ كه آدم وقتی می‌خواند، لذت می‌برد. هەروەها وتی: کە دەبێ من کوردی فێر بم.

قسەکانی خامنەیی دەرخەری ئەوەیە کە کوردستان و خەڵکی کوردستان هیچ بایەخێکی لای ناوبراو و دەسەڵاتەکەیەوە نییه.