کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزەی ٨ی بەفرانبار، تارانی هەژاند

15:14 - 9 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: پاش سەرهەڵدانە جەماوەرییەکانی خەڵک لە چەندین شاری گەورە و بچووکی ئێران لەدژی دۆخی داسەپاو بەسەریاندا لەلایەن لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامییەوە، بەشێک لە لێپرسراوانی ڕێژیم هاتنە دەنگ.

ڕێپێوانە ئێعترازییەکانی خەڵک لە شارەکانی کرماشان، قوچان، خۆرماوە (خرم آباد)، مەشهەد، هەمەدان، ڕەشت، قۆم و چەندین شاری دیکەی ئێران کە لەدژی ڕێژیم و دۆخی نالەباری سیاسی و ئابووری داسەپاو هاتە ئاراوە، دژکردەوەی سەرسووڕهێنەری بەشێک لە لێپرسراوانی ڕێژیمی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە یەکەم دژکردەوەکاندا ئاخوند موەحێدی کرمانی، بەرنوێژی کاتی تاران داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمەکەی کرد کە بۆ پێشگرتن لە درێژەکێشانی ناڕەزایەتییەکان، ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتەواوی سانسۆڕ و کۆنتڕۆڵ بکەن!

ناوبراو وتوویەتی: ئێمە دەبێ هاوشێوەی وڵاتی چین ڕێگر بین لە ئاڵووێری زانیاری نوێ لە نێوان خەڵک و بە داخستنی فەزاکان و کەمکردنەوەی ئازادییەکان دەبێ پێش بە پەرەسەندنی بیرۆکە ژەهراوییەکان بگرین!

لەلایەکی دیکەشەوە، مۆحسێن نەسجی هەمەدانی، جێگری ئیتلاعاتیی پارێزگاری تاران، سەبارەت بە درێژەکیشانی ئەم ڕەوتە هۆشداری دا و وتوویەتی: هەر چەشنە ئێعترازێک لە تاران نایاساییە و بە تووندترین شێوە وەڵامی جیابیران دەدەینەوە؛ ناوبراو ئەم ئێعترازە خەڵکییانەی بەستووەتەوە بە پیلانێکی دەرەکی و وتوویەتی: دژەشۆڕشەکان دەیانهەوێ ڕێکخستن بۆ داخوازییەکانی خەڵک بکەن و لەدژی ڕێژیم بەکاری بێنن.

هەر لەم پێوەندییەدا ئێسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیم کە پێشتر بەردەوام هەوڵی دەدا خۆی وەک دڵسۆز و خەمخۆری خەڵکی بێدەرەتان نیشان بدات، وێڕای ئاماژەکردن بە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان ڕایگەیاندووە: کۆمەڵێک دەستی نهێنی ئەم ناڕەزایەتییانە ڕێک دەخات کە جێگەی نیگەرانین!

وتوویشیەتی: هەندێک کەس دەیانهەوێ خەڵک لە سیستمی حوکمڕانی ئێران دڵسارد بکەنەوە؛ ئەگەر ئەم ناڕەزایەتییانە بەردەوام بن، لە داهاتوودا دەبنە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کە ئەمەش زۆر مەترسیدارە و دواتر بۆمان کۆنترۆڵ نابێتەوە.

سەبارەت بە ڕووداوە ئاماژەبۆکراوەکان، عەلی مۆتەهەری جێگری یەکەمی سەرۆکی مەجلیسیش وێڕای دەسنیشان‌کردنی هەڕەشەکان بۆسەر ویلایەتی فەقیهی کە بەڕای ناوبراو بریتین لە کێشە و هەڕەشە نێوخۆییەکان، گەندەڵی و پرش‌وبڵاوی فکری، بە نیگەرانییەوە وتوویەتی: هیچ گەرەنتییەک بوونی نییە کە دەسەڵاتی ئێمە وەک خۆی بمێنێتەوە.

لەباتی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی لۆژیکی بۆ کێشەکانیش، سپای تێرۆریستی پاسداران، مەحموود ئەحمەدی‌نژادی بە هاندانی خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی تاوانبار کرد و لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری داوە کە ئەم ڕێپێوانە ئێعترازییانە پیلانی بەرەی دژەشۆڕشی نێوخۆ و دەرەوە لەدژی ویلایەتی فەقیهە، کە جگە لە ئامریکا و ئیسرائیل و بریتانیا چەند وڵاتێکی عەرەبی ناوچە و هەندێک دەستی نێوخۆییش ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە.

بەمەبەستی هێورکردنەوەی باری دەروونی خەڵکی ناڕازی و وەک تاکتیکێک بۆ کۆتایی هێنان بە ناڕەزایەتی دەربڕینەکانیش، ئاخوند عەلەمۆلهۆدا لە نوێژی هەینی مەشهەددا، وێرای ڕەخنەگرتنی تووند لە دەوڵەت ڕایگەیاند: بەرپرسانی ئێمە دەبێ سەرنجی تایبەت بدەنە ویستەکانی خەڵک و پیش ئەوەیکە ناچار بن بڕژێنە سەر شەقامەکان، دەبێ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

ناوبراو کە لە ئاخاوتنەکایدا جۆرێک قسەی دەکرد وەک بڵێی ئەو و باندە مافیاییەکەی هیچ نەخشێکیان لە کێشەکانی ئێراندا نییە، ڕوو لە ناڕازییان وتوویەتی: ئەوەی ئێوە داوای دەکەن مافی بەرحەق و جێگەی ڕێزی خۆتانە و دەبێ دەوڵەت وەڵامدەرتان بێت.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا بە هەوڵدان بۆ ترساندنی خەڵک لە ئەگەری سەرەونخون‌بوونی ڕێژیمەکەی وتوویەتی: نابێ ئیزن بدەین حکوومەتەکەمان بڕوخێت و سەرکووت بکرێت!

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرین لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران هاتە ئاراوە کە تێیدا خەڵکی وەزاڵەهاتوو، وێڕای دەربڕینی داخوازە ڕەوا سیاسی و ئابوورییەکانیان کۆمەڵێک درووشمی وەک زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت، سەربەخۆیی، ئازادی، کۆماری ئێرانی، مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر، یان مەرگ یان ئازادی یان لە دژی ڕێژیم دا کە تووڕەیی لێپرسراوانی حکوومەتی لێکەوتەوە و بەپێی دوایین ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانیش دەیان کەس گیراون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئا: شەماڵ تەرغیبی