کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گشتگیرەکان لە نێو بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان

16:00 - 9 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسی بێهداشتی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان، لە هەمبەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی پێستی و عفوونەتی لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان لەم پارێزگایە هوشداری داوە.

هەواڵدەریی ناوەندی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ٨ی بەفرانبار، لە زاری سەرۆکی بێهداشتی پارێزگای کرماشان ئیبراهی شەکیبا بڵاوی کردەوە، کە بە هۆی نەبوونی پێداویستییە بێهداشتییەکان لە نێو خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو، ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مەترسییدارەکان هەیە.

بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، لە شارەکانی سەرپێڵی‌زەهاو و سەلاسی باوەجانی، نەبوونی حەمام و تەوالێت بەپێی پێویست، لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گشتگیرە پێستی و عەفوونییەکان کاریگەرییان هەیە.

ئەم بەرپرسە هەروەها ڕایگەیاند: کە هێندێ لە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو، لەو کاتەوە بوومەلەرزە هاتووە هەتا ئێستە نەیتوانیوە حەمام بکەن و بەم بۆنەوە نەیانتوانیوە پاک و خاوێنی کەسیی خۆیان لە بەرچاو بگرن.

یەکێک دیکە لەو کێشانەی کە شەکیبا ئاماژەی پێ کردووە، کەم بوونی ماددەی کۆلێر و پێس بوونی ئاوی هێندێ لە گوندەکانی پارێزگای کرماشانە.

جێگری وەزارەتی بێهداشتیش پێشتر ڕایگەیاندووە، لە پێوەندیی لەگەڵ ڕووداوە سروشتییەکان، تووشی قەیرانی مودیرییەتی بوون و لە وەها کاتگەلێکدا لە بواری بێهداشتی و تەندروستییەوە زۆر بە لاوازی هەنگاو هەڵدەگرن.

هەر لەم بارەوە، مەجید هیمەتی، بەرپرسی ئیدارەی نەخۆشییە ئاژەڵییەکان، راگەیاندووە، ٣٠ لەسەدی ئاژەڵە ماڵییەکانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان لەنێو چوون و بە هۆی بۆگەنی لاشەی ئەم ئاژەڵانەوە نەخۆشی گشتگیر بڵاو بووەتەوە.