کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیم درێژەی هەیە

01:04 - 10 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سەرەڕای هەڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە خەڵک وخۆپیشاندەران کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و ئێران دژی ئەو ڕێژیمە بەردەوامه.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەمڕۆ شەممه ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕاپەڕینی خەڵکی کرماشان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەدژی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران درێژەی کێشا.

خۆپیشاندەران لە کرماشان دژی ڕێژیم دروشمی وەک زندانی سیاسی آزاد باید گردد، مرگ بر دیکتاتوریان بەرز کردووەتەوە. هەروەها لە کوردستان و سەرانسەری ئێران هێڵی ئینتێرنێت پچڕاوە وفەزای شارەکان میلیتاریزە کراوە.

بەپێی هەواڵەکان لە کرماشان ئاڵای ڕێژیم لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە ئاگری تێبەر دراوە و شوێنە ئیدارییەکانی ڕێژیم وێران کراون و هاوکات دروشمی مرگ بر خامنەاییان وتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان هێزە جینایەتکارەکانی ڕێژیم لە پارێزگای لوڕستان لە شاری دورود تەقەیان لە خەڵک کردووە و ٦کەس لە خۆپیشاندەران کوژراون و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.

شوناسی ٤ کەس لەو خۆپیشاندەرانە کە کوژراون بە محەممەد چوباک، مۆحسێن ویرایەشی، حوسێن ڕەشنۆ و حەمزه لەشنی ڕاگەیەندراوە.

هەروەها لە پارێزگای ورمێش ڕێژیم فەزایەکی توندی ئەمنییەتی بە سەر شاردا زاڵ کردووە و هێزی نیزامی لە شەقامەکان جێگیر کردووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سەرانسەی ئێران خەڵک لە شارە جیاوازەکان دژی گرانی، قەیرانەکانی کۆمەڵگە، چارەسەنەکردنی کێشەکان و باقی کێشەکانی دیکە، دژی ڕێژیمی ئێران هەستاونەتەوە و دروشمی دژی ڕێژیمیان بەرز کردووەتەوە.