کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئێران دەنگدانەوەی جیهانییان لێکەوتەوە

15:28 - 10 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتی و سیاسەتمەدارە جیهانییەکان پشتگیرییان لە داخوازی خۆپیشاندەرانی ئێران دەربڕی و بەشێکی بەرچاو لە ماڵپەڕە جیهانییەکانیش ڕووماڵی ڕووداوەکان دەکەن.

مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و هێلاری کلینتۆن هەر کام بەشێوەی جیاواز لە تویتێرەکانیاندا بە فەرمی پشتگیری خۆیان لە خۆپیشاندەران و هەوڵ دانیان بۆ ئازادی دەربڕی.

پۆل ڕایان سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا لە یەکەم دژکردەوە بە ئێعترازەکان لە تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: گرینگە کە ئێمە پشتیوانی لە خۆپیشاندانی دوور لە تووندوتیژی لە ئێران بکەین.

سێناتۆر ئۆرین هەیچ لە تویتێکدا نووسیویەتی: من لە تەنیشت خەڵکی ئێران و داخوازەکانیان بۆ ئازادیم و داوا لە هاوکارەکانیشم دەکەم هەمان هەڵوێستیان هەبێ.

سێناتۆر تام کاتێن کە یەکێک لە ڕەخنەگرانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە، سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئێران وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران بە بیرۆکەی ئاژاوەگێڕییەوە ناتوانێ پشتیوانی خەڵکی دەستەبەر بکات و پێویستە پشتگیری ئەو کەسانە بکەین کە دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامین.

جان مەک‌کین، ئیلیانا ڕاس کێتینین، مایک گەلەگێڕ، ڕان دێسانتیس، چەند سێناتۆری دیکەی سێنای ئامریکا و مارک دۆبۆیتس سەرۆکی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسی، مایکێل ڕۆبین لێکۆڵەری ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەکانی واشینگتۆن و ئیلان بێرمەن جێگری شۆرای ئامریکایی سیاسەتی دەرەکیش هەر لەمبارەوە پشتگیری خۆیان لە ویستی ڕاپەڕیوانی ئێران دەربڕیوە.

پێشتریش کەسانێکی وەک سێناتۆری کۆماریخواز تێد کروز و براد شێرمەن نوێنەری کۆنگرەی ئامریکا، داوای پشتیوانی هەمەلایەنەی جیهانیان کردبوو.

هاوکات زۆربەی میدیا بەناوبانگەکانی جیهان، ڕووماڵی ئەو ڕووداوەیان کردووە کە بۆ نموونە دەکرێ باس لە کاناڵی تەلەفزیۆنی CNN، یورونیوز، BBC، فرانس24، سکای نیوز، تەلەفزیۆنی فەرمی ئۆسترالیا، تەلەفزیۆنی فەرمی بڕێزیل، ماڵپەڕەکانی گاردیەن، ئەلعەرەبیە، فۆکۆس، دۆیچەوێلە، voa، العین، ڕادیۆ فەڕانسە و چەندین ماڵپەری بەناوبانگی جیهانی دیکە بکەین.